
ژنە فۆتۆگرافەرێک یادەوەریی کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی دەپارێزێت
ژنە فۆتۆگرافەرێک یادەوەریی کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی دەپارێزێت
دەربارە
لە نێو کۆڵانە دێرێنەکانی شاری سلێمانیدا، ژنە فۆتۆگرافەرێک هەوڵدەدات پێش ئەوەی بە یەکجاری بڕووخێندرێن، دوایین شوێنەواری تەلارسازیی دیوار و دەرگە کۆنەکانی شارەکەی لە چوارچێوەی وێنەدا بهێڵێتەوە. سارا نامۆ، کە پیشەی سەرەکیی فەرمانبەرە، ماوەی چەندین ساڵە هەوڵەکانی بۆ ئەرشیڤکردنی خانوو و گەڕەکە دێرینەکانی سلێمانی خستووەتەگەڕ.
سارا نامۆ، دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەپاڵ کاری فەرمانبەریدا، لە ساڵی 2005ـەوە گرنگی بە بواری وێنەگرتن دەدات. لە ساڵی 2019ـەوە، دوای ئەوەی تێبینی کرد ئەو کۆڵان و خانووە دێرینانەی لە منداڵیدا رێگەی رۆژانەی بوون بەرەو قوتابخانە، مەترسیی لەناوچوون و رووخانیان لەسەرە، پڕۆژەیەکی تایبەتی بۆ بەدیکۆمێنتکردن و ئەرشیڤکردنی تەلارسازیی کۆنی سلێمانی دەستپێکرد.
سارا نامۆ، سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی پڕۆژەکەی دەڵێت: "ئەو کۆڵانانە بەشێکن لە یادەوەریی منداڵیم. کاتێک بینیم رۆژ لەدوای رۆژ ئەو خانووە مێژووییانە دەڕووخێندرێن و شوێنەکانیان دەکرێنە گەراج، هەستێکی نیگەرانیی لا دروست کردم. هەر بۆیە لە ساڵی 2019ـەوە بڕیارمدا بەپێی توانای خۆم، وردەکاریی تەلارسازیی دەرگە، پەنجەرە و شێوازی بیناسازیی ئەو خانووانە ئەرشیڤ بکەم."
پڕۆژەکەی سارا نامۆ جگەلە وێنەگرتن هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی مێژوو و ناسنامەی ئەندازیاریی خانووەکان. بۆ ئەم مەبەستە، سەردانی ئەو بنەماڵانە دەکات کە خاوەنی خانووەکان بوون، زانیاری لەبارەی مێژووی دروستکردن، ناوی وەستا و ئەندازیارەکان و وێنە کۆنەکانی پەیوەست بە خانووەکە کۆدەکاتەوە.
سارا نامۆ، دەڵیت: "کارەکەی من تەنیا دیکۆمێنت کردن نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای مێژووی خانووەکەدا؛ کێ دروستی کردووە، وەستاکەی کێ بووە و چ چیرۆکێک لەگەڵ ئەو خانووەدا گێڕدراوەتەوە. بە هاوکاریی کەسایەتییە خەمخۆرەکانی شارەکە، زانیاریی زارەکی و وێنەی کۆنی بنەماڵەکانم کۆکردووەتەوە."
بینینی رووخاندنی خانوویەک کە پێشتر وێنەی گرتووە و کراوەتە گەراج، نیگەرانیی لای سارا نامۆ دروست دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵخۆشە بەوەی توانیویەتی بەر لە لەناوچوونی، مێژووەکەی تۆمار بکات.
سارا نامۆ، سەبارەت بە ئامانجی داهاتووی پڕۆژەکەی گوتی: "پلانم هەیە سەرجەم ئەم زانیاری و وێنە ئەرشیڤکراوانە لە کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە، تاوەکو وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی بۆ نەوەکانی داهاتووی سلێمانی بمێنێتەوە. هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە لە توانای تاکە کەسێک گەورەترە و پێویستی بە پشتگیریی دامەزراوەیی هەیە، بەڵام من لەبەر خۆشەویستیم بۆ مێژووی شارەکەم، بەپێی توانای خۆم لە کارەکەم بەردەوام دەبم."