کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

رووداو لە دەریاچەی سیڤان؛ گەورەترین ناوچەی گەشتیاریی ئەرمینیا

رووداو لە دەریاچەی سیڤان؛ گەورەترین ناوچەی گەشتیاریی ئەرمینیا

گەڕانەوە21/09/2026

رووداو لە دەریاچەی سیڤان؛ گەورەترین ناوچەی گەشتیاریی ئەرمینیا

دەربارە


 
لە رێگە شاخاوییە پڕ لە دارستان و بەرزاییەکانی ئەرمینیادا، بە تێپەڕین بەنێو سروشتێکی دەگمەن و دڵڕفێندا، لەپڕ تابلۆیەکی جوان لەپشت چیاکانەوە دەردەکەوێت؛ ئەوە "دەریاچەی سیڤان"ـە، ئەو شوێنەی کە ئاو و سەوزایی سرووشت و مێژووی هەزاران ساڵەی کەنیسە دێرینەکان تێیدا یەکدەگرن و بووەتە شاڕەگی گەشتوگوزاری وڵاتی ئەرمینیا.
گەورەترین دەریایچەی ئاوی شیرین لە قەوقازی باشوور
دەریاچەی سیڤان گەورەترین دەریایچەی ئەرمینیا و گەورەترین دەریایچەی ئاوی شیرینە لە تەواوی ناوچەی قەوقازی باشووردا.
سیڤان لە بەرزایی نزیکەی 1,900 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە هەڵکەوتووە و رووبەرەکەی نزیکەی 940 کیلۆمەتر دووجایە. ئاوی سازگاری دەریاچەکە لەگەڵ کەشوهەوا فێنکەکەی، وایکردووە ساڵانە ببێتە جێگەی هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی کە بۆ دەربازبوون لە جەنجاڵی و گەرمای هاوین رووی تێدەکەن.
دەریاچەی سیڤان بووەتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنەکان بۆ گەشتیارانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەت رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
شەیما گوڵشەنی، رێبەری گەشتیاری کە گرووپە گەشتیارییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەهێنێتە ئەرمینیا، ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکیی جوگرافی و نەبوونی ڤیزا لەنێوان ئێران و ئەرمینیادا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هاتنی لێشاوی گەشتیاران. شەیما دەڵێت: *"هەم کورد و هەم فارسەکان زۆر حەزیان لە سرووشتی ئەرمینیایە، سیڤان یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەهۆی کەشوهەوا و ئاوە شیرینەکەیەوە، گەشتیاران دەخاتە نێو دۆخێکی پڕ لە ئارامی."
هاوکات محەممەد رەئوف، گەشتیارێکی باشووری کوردستانە و سەرسامیی خۆی بە شوێنەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئەمە یەکەمجارە سەردانی سیڤان دەکەم، بەڵام شوێنێکی ئێجگار خۆش و کەشێکی فێنکی هەیە. ئەم سرووشتە دڵڕفێنە وا دەکات خەڵک لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە حەز بکەن چەندین جار بێنەوە ئێرە.*
لە دەوروبەری دەریاچەکە و لە کەناراوەکانیدا، بازاڕێکی میللیی گەرموگوڕ دروستبووە کە تێیدا جۆرەها بەردی بەنرخ، خشڵ و کەلوپەلی دەستکرد دەفرۆشرێن. دیارترین بەرد کە سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت بەردی "موون ستۆنـە کە لە قوڵایی دەریاچەی سیڤان دەردەهێندرێت.
ئیستێلا رمیریان، کە یەکێکە لە فرۆشیارانی بازاڕەکە، دەربارەی بەردەکان روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: *"ئەم بەردانە لە دەریاچەکە دەردەهێنرێن؛ هەندێکیان کەمێک ماتن و هەندێکیان تەواو شەفافن. کاری دەستییان لەسەر دەکرێت و دەکرێنە ملوانکە، بازنگ و تەنانەت لە کەلوپەلی پزیشکیشدا سوودیان لێوەردەگیرێت."* نرخەکانیش بەپێی قەبارە و جۆری نەخشاندنەکە لە 10 دۆلارەوە تاوەکو 500 دۆلار دەستپێدەکەن.
جوانیی سیڤان تەنیا لە سروشتەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو مێژوویەکی ئایینی دێرینی هەیە. لەسەر گردێکی بەرز کە دەڕوانێتە سەر تەواوی دەریاچەکە، دێری سیڤاناڤانک هەڵکەوتووە، کە کۆمەڵە کەنیسەیەکی مێژوویین و لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لە ئەرمینیا دروستکراون.
ئەم دێرە مێژووییە، لە بەردی رەشی گڕکانی و بە نەخش و تاشەبەرد رووپۆش کراوە و وەک هێمایەکی پیرۆزی فەرهەنگی و شارستانیەتی گەلی ئەرمەن لە تەواوی جیهاندا ناسراوە.
بەهۆی فرەچەشنیی چالاکییەکان لە سیڤان، وەک (مەلەکردن، بەلەمسواری،  هۆتێل و چێشتخانە کەناراوییەکان)، ئەم دەریاچەیە بووەتە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کەرتی گەشتیاری لە ئەرمینیا؛ شوێنێک کە توانراوە بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە سیمای سرووشتی، مێژوویی و کولتووری تێکهەڵکێش بکرێت و ئەزموونێکی لەبیرنەکراو پێشکەشی گەشتیاران بکات.