
کۆسانێ؛ یارییە تایبەت و کۆنەکەی گوندی هەرمۆتە لە کۆیە
کۆسانێ؛ یارییە تایبەت و کۆنەکەی گوندی هەرمۆتە لە کۆیە
دەربارە
لە گوندی هەرمۆتەی کریستیاننشین لە سنووری قەزای کۆیە، کاتێک دەچیتە نێو کۆڕی پیاوانی گوندەکە، دەنگێکی تایبەت و کەشێکی پڕ لە جۆشوخرۆش سەرنجت رادەکێشێت؛ دەنگی تەقەی تەختە و چەپڵەڕێزان لەگەڵ گۆرانیی سریانی، کە هەموویان لە دەوری یارییەک کۆبوونەتەوە پێی دەگوترێت "کۆسانێ" یارییەک کە دانیشتووانی گوندەکە بە شانازییەوە دەڵێن "مەید ئین هەرمۆتە"
کۆسانێ' چییە و چۆن یاریی پێدەکرێت؟
کۆسانێ لە رووی واتاوە بە واتای بەخت و چانس دێت. کەرەستەی یارییەکە لە تەختەیەکی لاکێشەیی دارین پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی دەستکرد دروستکراوە. تەختەکە لە هەر لایەکی 24 کونی تێدایە و لەنێو کونەکاندا 12 داری باریک دادەنرێن کە پێیان دەگوترێت "سوار"، بەپێی گێڕانەوەی بەساڵاچووانی گوندەکە، ئەم ناونانە لە "12 سوارەی مەریوان"ـەوە وەرگیراوە.
جگە لە تەختە سەرەکییەکە، چوار تەختەی باریکی دیکە هەن کە وەک زار بەکاردەهێندرێن و لەلایەن یاریزانەکانەوە هەڵدەدرێن بۆ دیاریکردنی خاڵ و ئاراستەی جووڵەی سوارەکان. تەختەکان دوو دیویان هەیە (دیوێکی رەش و دیوێکی سپی)، بەپێی شێوازی کەوتنیان خاڵەکان (کۆس، دوو، سێ، چوار، شەش) دەستنیشان دەکرێن.
کێبڕکێکە لە نێوان دوو، چوار، یان شەش یاریزاندا بە شێوەی تاک یان دوو تیمی رکابەر بەڕێوەدەچێت. ماوەی هەر یارییەک بەپێی لێهاتوویی و چانسی یاریزانەکان لەنێوان 30 خولەک بۆ کاژێرێک دەخایەنێت، هەر کەسێک زووتر سوارەکانی خۆی لە مەیدانەکە دەربکات و سوارەکانی بەرامبەر بپەڕێنێت دەبێتە براوە.
کەشی یاریی کۆسانێ تەنیا کێبڕکێ نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە کولتوور، گۆرانیی فۆلکلۆری سریانی و هاندانی بەردەوام. ئازاد و مامۆستا ریاز، دوو لە دیارترین و بەئەزموونترین یاریزانەکانی هەرمۆتەن کە لە کاتی یارییەکەدا کۆڕەکە گەرم دەکەن.
کاتێک لەنێو کۆڕەکەدا گوێت لە چەپڵەلێدانی بەکۆمەڵ و چڕینی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەبێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە یەکێک لە تیمەکان خاڵی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێناوە و لە بردنەوە نزیک بووەتەوە.
مێژووی دروستبوونی کۆسانێ زۆر کۆنە و هیچ بەڵگەنامە و سەرچاوەیەکی نووسراو لەسەر کات و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی لەبەردەستدا نییە؛ زانیارییەکان تەنیا لە باوباپیرانەوە بە شێوەی زارەکی بۆ نەوەی ئێستا گوازراونەتەوە.
بەپێی گێڕانەوەی بەساڵاچووان ئەم یارییە لە رابردوودا لەسەر زەوی و بە قوڕ و دار دروستکراوە، بەڵام دواتر پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا بە تەختە و دار بە شێوازێکی پتەوتر دروستدەکرێت. لە سەردەمانێکدا، کۆسانێ سەرەکیترین هۆکاری کۆبوونەوە و کاتبەسەربردنی خەڵکی گوندەکە بووە لە دەمەوعەسەر و ئێواراندا.
هەرچەندە ژیان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام منداڵان و مێرمنداڵانی هەرمۆتە بە جۆشێکی زۆرەوە لە تەنیشت باوک و باپیرانیان دادەنیشن و فێری یاساکانی کۆسانێ دەبن. منداڵانی گوندەکە دەڵێن، ئەوان یارییەکە وەک میراتێکی تایبەتی گوندەکەیان دەبینن و ناهێڵن لەناو بچێت، بەڵکو لە داهاتوودا فێری نەوەکانی خۆشیانی دەکەن تاوەکو مێژووی یارییەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
دەربارەی گوندی هەرمۆتە
گوندی هەرمۆتە بە دووریی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کۆیە. گوندەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە و بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارە کریستیاننشینەکانی ناوچەکە دادەنرێت، بە جۆرێک بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان مێژووی نیشتەجێبوونی کریستیانەکان لەو گوندەدا بۆ پێش هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە زیاتر لە 500 کەسە و وەک نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و پاراستنی فۆلکلۆر لە سنوورەکەدا دەناسرێت.