
پیاوێکی تەمەن 80 ساڵ لە هەولێر ماڵەکەی دەکاتە مۆزەخانە
پیاوێکی تەمەن 80 ساڵ لە هەولێر ماڵەکەی دەکاتە مۆزەخانە
دەربارە
کاتێک دەچیتە نێو ماڵی حوسێن حاجی قادر لە شاری
هەولێر، بە تەواوی لە کەشوهەوای ژیانی مۆدێرن دادەبڕێیت و دەگەڕێیتەوە بۆ سەتەی رابردوو؛
ژوورێکی تایبەتی ماڵەکەی پڕکراوە لە سەتان پارچە کەلوپەلی کۆن، مس و زەردە، کە هەریەکەیان
بەشێکن لە مێژوو، شێوازی ژیان و یادەوەرییەکانی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردی.
مام حوسێن کە تەمەنی 80 ساڵە، نزیکەی نۆ ساڵە سەرقاڵی
کۆکردنەوەی کەلوپەلە دێرینەکانە. بەهۆی ئەوەی رووبەری شوێنەکەی سنووردار بووە، بڕیاریداوە
زیاتر گرنگی بە کۆکردنەوەی کەرەستە مسینەکان بدات کە لەنێو خەڵکدا بە "زەردە"
ناسراون؛ لەوانە سەماوەر، فانۆسی کۆن، تاوە، مەنجەڵ، تەرازوو، کە لە سەردەمی
باوباپیراندا کەرەستەی سەرەکیی دیوەخان و ماڵەکان بوون.
حوسێن قادر باس لەوە دەکات کە خولیای کۆکردنەوەی
ئەم شتانە لە منداڵییەوە لەگەڵیدا بووە، بەڵام لە ساڵی 2017ـەوە ژوورێکی ماڵەکەی بۆ
ئەم مەبەستە تەرخانکردووە تاوەکو یادگارییەکانی رابردوو لە فەوتان بپارێزێت.
هەر پارچەیەک لەم مۆزەخانە بچووکەدا، چیرۆکێکی
تایبەتی لەپشتە. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کەرەستەکان، قەوانـێکی دەستیی کۆنە مام
حوسێن دەڵێت کاتێک تەمەنی حەوت ساڵان بووە، لە کۆڵانەکەیاندا قەوانێک بە دەست لێدەدرا
و گۆرانیی مریەم خان و حەسەن زیرەکی پێ لێدەدرا، لەو کاتەوە خولیای پەیداکردنی ئەو
ئامێرە بووە تاوەکو لەڕێگەی ناسیاوێکەوە لە هیندستانەوە بە تایبەت بۆیان هێناوەتەوە.
پارچەیەکی دیکەی بەنرخ، کاتژمێرێکی گیرفانیی دێرینە.
حوسێن قادر دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی 1982 دایکی ئەو کاتژمێرەی پێداوە و گوتوویەتی:
"مەلا شەریف پێی گوتووم وێنەی سەگی تێدایە و نوێژی پێوە دروست نییە، بۆیە بەخشیویەتی
بە من و تاوەکو ئێستا وەک یادگارییەکی پیرۆز پاراستوومە."
لە نێو کەلوپەلەکاندا، دەستەیەک پلایس و
"گاز"ـی ددانکێشانی کۆن دەبینرێن. مێژووی ئەو گازە بۆ زیاتر لە 130 ساڵ
لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک خاڵی باوکی چووەتە حەج و لەگەڵ خۆیدا هێناویەتییەوە.
دواتر باپیرەی حوسێن قادر لە گوندەکانی تۆپزاوە و گردەڕەشە بەو ئامێرە و بەبێ بەنج،
ددانی خەڵکی کێشاوە و کاری پزیشکیی میللی پێ کردووە.
جگە لەمانە، مام حوسێن کە پێشتر لە نزیک مزگەوتی
شێخی چۆلی لە هەولێر سەرتاش بووە، چەندین
کەرەستەی کۆنی سەرتاشین و پێداویستیی رۆژانەی پاراستووە.
حوسێن حاجی قادر دەڵێت، ئامانجی سەرەکی لەم
ماندووبوونە ئەوەیە کە نەوەی نوێ بزانن لە رابردوودا باوباپیرانیان چۆن ژیاون، چ کەرەستەیەکیان
بەکارهێناوە و ژیان چەندە سادە و پڕ لە مانا بووە. ئەو بەردەوام دەرگای ماڵەکەی بۆ
میوانان و ئارەزوومەندانی کەلەپوور واڵایە تاوەکو مێژووی زیندووی هەولێر لە نزیکەوە
ببینن.