ئەندام جەبار
رووداو - سۆران
لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز، بەرزایی و چیا سەرکەشەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆست بە هێشووە رەنگاوڕەنگەکانی داری بەن دەڕازێنەوە؛ دەنکە خڕ و درەوشاوەکانی قەزوان، کە بە مروارییە سەوز و سوورەکەی کێوان دەناسرێن، سەرەڕای بچووکیی قەبارەکەیان، بەهایەکی گەورەی ئابووری، خۆراکی و تەندروستییان هەیە. ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی پێگەیشتنی ئەم بەرهەمە کێوییە، دەیان گوندنشین و کاسبکار بەرەبەیان زوو روو لە هەوراز و کێوە سەختەکان دەکەن تاوەکو دەستیان بەم بەرهەمە سروشتییە بگات کە بۆ زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوییە.
سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم وەرزی پێگەیشتن و چنینەوەی قەزوانە. ئەمیر عەبدولواحید، یەکێک لە قەزوانچنەکانی ناوچەکە، سەبارەت بە جۆرەکان و تایبەتمەندیی ئەم بەرهەمە دەڵێت: "لەم ناوچەیەدا دوو جۆری سەرەکیی قەزوان هەن؛ جۆرێکیان پێی دەگوترێت 'بنەوش' کە نەرمتر و چەورترە و زۆرترین خواستی لەسەرە، جۆرەکەی دیکەشیان قەزوانی ئاساییە کە رەقترە. بەشێکی زۆری خەڵک بە مەبەستی بازرگانی و فرۆشتن لە بازاڕەکاندا قەزوان دەچنن، چونکە داهاتەکەی بەشی ماندووبوونی رۆژەکە دەکات، هاوکات زۆربەی ماڵەکانیش وەک چەرەزی بەتام بۆ شەوانی ساردی زستان هەڵی دەگرن."
دارەبەن (داری قەزوان) کە نزیکەی 30%ـی رووبەری دارستانە سروشتییەکانی برادۆست و باڵەکایەتی پێکدەهێنێت، یەکێکە لە بەپیتترین دارەکانی ناوچە شاخاوییەکان، بەجۆرێک تەواوی پێکهاتەکانی لە گەڵا، قەد، بەر و ناوکەکەی سوودی لێ دەبینرێت. سلێمان مستەفا، باس لە خێروبەرەکەتی ئەم درەختە دەکات و دەڵێت: "قەزوان نیعمەتێکی گەورەی خوایە؛ گەڵا و چڵەکانی بۆ لەوەڕی مەڕوماڵات بەکاردێن، لە قەدی درەختەکەش بنێشتی کوردی بەرهەمدێت کە جیا لە مرۆڤ، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش سوودی لێ دەبینن و پێی دەژین."
سەرکەوتن بەسەر دارەبەنی بەرز و هەڵپاچینی هێشووەکان کارێکی پڕ لە ماندووبوون و زەحمەتە، بەڵام قەزوانچنان بە خۆشەویستییەوە پێشوازی لەم وەرزە دەکەن. خاڵس ئیبراهیم، قەزوانچنێکی ناوچەکەیە و دەربارەی شێوازی کارەکەیان دەڵێت: "هەموو رۆژێک کاژێر پێنجی بەرەبەیان لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر بەڕێ دەکەوین و دەوروبەری نیوەڕۆ دەگەڕێینەوە. پێداویستیی سەرەکیمان تورەگە و گۆچانێکە بە ناوی 'چۆڵە'، کە بەهۆیەوە هێشووە بەرزەکان بۆ خوارەوە شۆڕ دەکەینەوە. کەسێک کە لێهاتوو و شارەزا بێت، دەتوانێت رۆژانە 30 بۆ 40 کیلۆگرام قەزوان کۆبکاتەوە." بڕی بەرهەمی ساڵانەش بە تەواوی پەیوەستە بە رێژەی بارانبارینی بەهارە و پلەی گەرمیی هاوینەوە.
لە نێو بازاڕ و دووکانەکانی شاری سۆران و هەولێر، قەزوانی خۆماڵی کێبڕکێی چەرەزە هاوردەکراوەکان دەکات. ئەشقی ئەحمەد، دووکانداری چەرەزات لە بازاڕی سۆران، ئاماژە بە نرخی بەرهەمەکە دەدات و دەڵێت: "نرخی یەک کیلۆ قەزوان بەپێی قەبارە، رەنگ و نەرمییەکەی لە دوو هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 15 هەزار دینار. ساڵان هەبووە بەهۆی کەمیی بەرهەم و بەرزیی کوالیتییەکەی، نرخی قەزوانی خۆماڵی تەنانەت لە فستەقی هاوردەکراویش گرانتر بووە، رۆژانە گەنجان و کاسبکاران 15 تاوەکو 20 کیلۆم بۆ دەهێنن و راستەوخۆ لێیان دەکڕینەوە."
بەپێی خەمڵاندنەکان، بەرهەمی ساڵانەی قەزوان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە نزیکەی 10 تۆن مەزەندە دەکرێت. هەرچەندە زۆرینەی بەرهەمەکە بە کاڵی و وەک چەرەز لە وەرزی زستاندا دەخورێت، بەڵام بەشێکی کەمیشی دەهاڕدرێت و بۆ دروستکردنی "قاوەی قەزوان" و "گوشمە" بەکاردەهێنرێت؛ بەرهەمێکی خۆڕسک کە ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی پاییزدا، خێروبەرەکەت و جموجۆڵێکی تایبەت دەبەخشێتە کێوە بەرزەکانی کوردستان.