دڵنیا رەحمان
رووداو - هەولێر
بەهار جمهور و هیبە عەتار، دوای نزیکەی دە ساڵ کارکردن لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، لەگەڵ داخرانی لەناکاوی ڕێکخراوەکەیان رووبەڕووی بێکاری بوونەوە، بەڵام لەبری خۆبەدەستەوەدان، بڕیاریاندا ئەزموون و یادەوەریی گەشتەکانیان بکەنە هەوێنی دامەزراندنی کافێیەکی جیاواز لە هەولێر.
لەدەستدانی کار دوای دە ساڵ ئەزموون، بۆ زۆر کەس سەرەتای داڕمانە، بەڵام بۆ بەهار و هیبە بووە خاڵی وەرچەرخان. بەهار جمهور دەربارەی ئەو ساتە سەختە دەڵێت: "لە ماوەی شەو و رۆژێکدا هەموو شتێک گۆڕا و رێکخراوەکەمان داخرا؛ بۆ ئێمە ئاسان نەبوو، چونکە بەشێک لە ناسنامەی خۆمان لەدەستدابوو. بەڵام ئێمە هەمیشە دەمانزانی لە هەر کێشەیەکدا دەرفەتێک هەیە. کاتێک کەسێکی باشت لە تەنیشت بێت کە پاڵپشتت بێت، دەتوانیت لەسەر پێی خۆت بوەستیتەوە. ئێمە لەبری رووخان ، دەستمان بە پلاندانان بۆ خەونە نوێیەکەمان کرد."
هیبە عەتار، هاوبەشی پڕۆژەکە، باس لە قۆناخی ئامادەکاری و هەڵبژاردنی مینیۆکەیان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات: "ئێمە نزیکەی ساڵێک تەنیا خەریکی توێژینەوە و تاقیکردنەوەی هەویر و شێوازی دروستکردنی نان و شیرینییەکان بووین. ویستمان تام و کولتووری ئەو وڵاتانەی پێشتر بۆ کار گەشتمان بۆ کردبوون، بهێنینە هەولێر؛ لەوانە سەمونی چاباتی ئیتاڵی، باگێتی فەرەنسی، سمێتی تورکی و نانی گەنمی تەواو لەگەڵ 12 جۆر دانەوێڵە. هەموو رۆژێک لەگەڵ کێشە نوێیەکاندا فێری شتی نوێ دەبین و هەوڵ دەدەین باشترین کوالیتی پێشکەش بکەین."
کارەکەی بەهار و هیبە بووەتە سەرچاوەی کار و داهات بۆ پێنج گەنجی دیکەی شاری هەولێر. هاوکات دیزاینە تایبەتەکەی و پێشوازییە گەرمەکەی، سەرنجی کڕیارانی راکێشاوە کە بۆ چێژوەرگرتن لە تامی نانی تازە و بەسەربردنی کاتێکی ئارام رووی تێدەکەن.
بەهار و هیبە بەم هەنگاوەیان سەلماندیان کە بێکاری و لەدەستدانی دەرفەتەکان لە هەر قۆناخێکی تەمەندا رووبدات، دەکرێت بە ئیرادە، هاوکاریی دوولایەنە و بەردەوامی، بکرێتە سەرەتای سەرکەوتنێکی زۆر گەورەتر لە بازاڕی کاردا.