کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

ئەو منداڵەی کە گۆرانی بۆ مەلا مستەفا بارزانی گوتبوو، دوای 51 ساڵ چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە

ئەو منداڵەی کە گۆرانی بۆ مەلا مستەفا بارزانی گوتبوو، دوای 51 ساڵ چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە

گەڕانەوە18/10/2026

ئەو منداڵەی کە گۆرانی بۆ مەلا مستەفا بارزانی گوتبوو، دوای 51 ساڵ چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە

بەختیار قادر
رووداو - هەولێر

51 ساڵ لەمەوبەر، لە گوندی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەکایەتی و لە رۆژگارە سەختەکانی شۆڕشی ئەیلوولدا، کچێکی پۆلی چوارەمی بنەڕەتی بە دەنگێکی منداڵانەوە گۆرانییەکی بەسەر مەلا مستەفا بارزانیدا گوت، کە لەلایەن تیمێکی رۆژنامەڤانیی نەرویجییەوە تۆمار کرا و بۆ مێژوو مایەوە. ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە، ئەو کچە بووەتە دایک و داپیرە، بەڵام یادەوەری و دەنگی منداڵییەکەی هەر ماوەتەوە.



ڤیان عیزەت، کە ئێستا لە گوندی رایەت نیشتەجێیە، دەڵێت ئەو گۆرانییە تاوەکو مردن لە یادیدا دەمێنێتەوە. ئەو دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی تۆمارکردنی گۆرانییەکە و دەڵێت: "پۆلی چوار بووم. خەندەق لێدرابوو، کە فڕۆکە دەهات، خۆمان لەنێو خەندەقەکاندا دەشاردەوە. ئەو رۆژە کە هاتم، فڕۆکە لە پشت قوتابخانەکەی دابوو. کاتێک هاتمە ژوورەوە، نە مامۆستا و نە قوتابیی لێبوو، تەنیا وێنەیەکی گەورەی مەلا مستەفای رەحمەتی هەڵواسرابوو. کە چاوم پێی کەوت، گریام و ئەو گۆرانییەم گوت: بارزانی پێشەوایە، سەرۆکە و خۆی تەنیایە، خوایە بیهێڵی بۆمان، کاکە مستەفای بارزان. واتە لە حەماسی کوردایەتیی خۆمەوە ئەوەم گوت."

ئەو کچۆڵەیەی جاران، هەر لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا چالاک بووە. ڤیان عیزەت، باس لەوە دەکات کە لە بۆنەیەکی نەورۆزدا لە ناوپردان گوتارێکی پێشکەش کردووە و لەلایەن ئیدریس بارزانییەوە خەڵات کراوە و پێی گوتووە: "لە داهاتوودا دەبیتە شێرەژن."

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ژیانی ڤیان عیزەت وەک هەزاران خێزانی دیکەی کورد رووی لە ئاوارەیی کرد و لە ئۆردوگای زێوە لە ئێران نیشتەجێ بوون، بەڵام سەرەڕای سەختییەکان دەستبەرداری خوێندن نەبووە. ئەو دەڵێت: "دوای ئەو گۆرانییە، چووینە ئەشکەوتی دۆزەرک و نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگ لەوێ ماینەوە. شەڕێکی زۆر گەرم بوو. دواتر ئێمەیان بردە ئێران بۆ ئۆردوگای زێوە. ژیانێکی زۆر ناخۆشمان بردە سەر، بەڵام لەوێش هەر چوومە قوتابخانە و خوێندم."

بنەماڵەی ڤیان عیزەت، خەڵکی بامەڕنێن و باوک و باپیری پێشمەرگە بوون. باپیری لە یەکێتیی سۆڤیەت هاوڕێی مەلا مستەفا بارزانی بووە و ساڵی 1963 لە چیای مەتین شەهید بووە. دوای دەستگیرکردنی باوکی لە بەغدا، شۆڕشی ئەیلوول خێزانەکەیان دەگوازێتەوە بۆ گەڵاڵە. ڤیان عیزەت، دەگێڕێتەوە: "باوکم لە بەغدا گیرا، ئەو کاتە بە فەرمانی مەلا مستەفای رەحمەتی، پێشمەرگە ئێمەیان دەرباز کرد و هێناینیانە گەڵاڵە کە پایتەختی شۆڕش بوو. ئەو شەوەی کە بڕیار بوو باوکم لە سێدارە بدرێت ، لە زیندان هەڵات و هاتەوە گەڵاڵە."

ڤیان عیزەت، بەڵێنێکی بە خۆی دابوو کە تاوەکو کوردستان ئازاد نەبێت هاوسەرگیری نەکات. ئەو دەڵێت: "گوتم مێرد ناکەم تا کوردستان سەردەکەوێت و دەبێت هاوژینەکەم پێشمەرگە بێت. ساڵی 1993 کە کوردستان ئازاد بوو، هاوسەرگیریم کرد."

نزیکەی 12 ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار ڤیان باسی ئەو ڤیدیۆیە بۆ منداڵەکانی دەکات و دواتر خێزانەکەی ئەو تۆمارە مێژووییە دەدۆزنەوە.
مەحموود ئیبراهیم، کوڕی ڤیان، دەڵێت : "کە ڤیدیۆکەم بینی و دایکمم ناسییەوە. نزیکەی 12 ساڵ لەمەوبەر باسی کردبوو کە ڤیدیۆیەکی ئاوا هەیە، بەڵام نەماندەزانی لە کوێیە. دواتر بەرهەمەکە گەیشتەوە دەستمان و شانازیی پێوە دەکەین."

رۆژگار گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام یادەوەرییەکانی ڤیان عیزەت لە گەڵاڵە زیندوون و چیرۆکی ژیانی بووەتە بەشێک لە مێژووی گەلی کوردستان.