لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شاری سەقز و بانە، گوندێکی کوێستانی هەیە بە ناوی "کێلەشین"، کە بەهۆی پێشکەشکردنی "کەلانە"ی خۆماڵی، لە گوندێکی ئاسایی کەنار رێگەوە گۆڕاوە بۆ وێستگەیەکی گەورەی گەشتیاری و سەنتەرێکی ئابووریی چالاک.
مێژووی بازرگانیکردن بە کەلانە لەم گوندەدا بۆ 25 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار لەلایەن بەختیار حەسەنزادەوە لە چێشتخانەیەکی بچووکدا دەست بە برژاندنی ئەم خواردنە فۆلکلۆرییە کرا. بەختیار حەسەنزادە دەڵێت: "25 ساڵ لەمەوبەر بیرمان لەوە کردەوە خواردنێکی سوننەتی وەک کەلانە بهێنینە نێو بازاڕ؛ سەرەتا تەنیا خۆمان بووین، بەڵام کە بینیمان خەڵک زۆر پێشوازیی لێدەکەن، کارەکە فراوان بوو. ئێستا نزیکەی 10 چێشتخانەی گەورە لە گوندەکەدا هەن و هەموومان پێکەوە کار دەکەین."
ئەم پیشەیە رۆڵێکی گەورەی لە دابینکردنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە بینیوە؛ پیاوان لە چێشتخانەکاندا سەرقاڵی پانکردنەوەی هەویر و برژاندنی کەلانەن لەسەر ساج، ژنانی گوندەکەش بە پاککردنەوە و وردکردنی سەوزەوات و ئامادەکردنی کەرە، ماست، دۆ و رۆنی خۆماڵی، بەشدارن لە دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان.
کەلانەی کێلەشین تایبەتمەندییەکی هەیە کە گەشتیاران لە سەرانسەری ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتەوە بۆ لای خۆی رادەکێشێت. مەهدی ئەحمەدلوو، گەشتیارێک لە شاری زەنجانەوە دەڵێت: "نزیکەی 24 ساڵە هاتووچۆی ئەم رێگەیە دەکەم، هەموو جارێک بەهۆی تامی خۆش و سرووشتیی کەلانەکەوە لێرە دەوەستم." هاوکات لەگەڵ کەلانە، خواردنەکە بە کەرەی خۆماڵی چەور دەکرێت و لەگەڵ دۆ، دۆشاوی ترێ، گەزۆ، یان کەبابدا پێشکەش دەکرێت.
یونس حەسەنزادە، خاوەن چێشتخانەیەکی دیکەی گوندەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات تەنیا لە چێشتخانەکەی ئەواندا 15 کەس کار دەکەن و بژێویی 15 بنەماڵە دابین دەکرێت؛ خواردنێک کە وەرزی بەهار و هاوین لوتکەی خواستی لەسەرە، بەڵام بە درێژایی چوار وەرزی ساڵ ئەم گوندە بە گەرمی و بە بۆنی کەلانە پێشوازی لە میوان و گەشتیاران دەکات.