کامێز شەدادی
رووداو - ئەرمینیا
لە ناوچەی ئەلەگەزی ئەرمینیا، گوندێکی کوردنشین هەیە بە ناوی پامپا کوردا کە گوندێکی کوردی ئێزدییە و سەرەڕای قەبارەکەی، پێگەیەکی گەورەی لە مێژووی رۆشنبیری و وێژەی کوردیدا هەیە. ئەم گوندە بەوە دەناسرێت کە زێدی چەندین کەسایەتیی رۆشنبیر و نووسەر بووە.
پامپا کوردا بە کەسایەتییە رۆشنبیر و نێودارەکانی ناسراوە؛ ناوی شاعیر و نووسەرانی ئەم گوندە وەک حەجی جندی، جەوێ عومەر، وەزیرێ عەشو، ئەمریکێ سەردار و چەندین کەسایەتیی دیکە، نەک تەنیا لەو ناوچەیە، بەڵکو لە هەموو کوردستاندا ناسراون
یەکێک لە نێودارترین کەسایەتییەکانی ئەم گوندە، فێریکێ ئوسوڤ، شاعیر و نوسەری کوردە.
یورا ڤالێر کە قوتابییە و تەمەنی ١٢ ساڵە، بە دەیان شیعری فێریکێ ئوسوڤی لەبەر کردووە و لەسەر گۆڕەکەی بە شانازییەوە دەیانخوێنێتەوە، وەک ئەوەی لە نزیکەوە ناسیبێتی.
ماڵی فێریکێ ئوسوڤ ئێستا بووەتە تاکە مۆزەخانەی کوردی لە ئەرمینیا. ڤالێر شامۆیان کە یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکەیە، باس لەوە دەکات کە چەندین ساڵە ئەم مۆزەخانەیە پارێزراوە و بووەتە لانکەیەک بۆ ناسینی فەلسەفە و کولتووری کوردی.
دەشڵێت کە فێریکێ ئوسوڤ لە ساڵانی شەستەکاندا لە رۆژنامەی رێیا تازە دەستی بە نووسین کردووە و پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر وەک ئیدیتۆری بەشی ئەدەبیات لە رادیۆی یەریڤان کاریکردووە و لە گوندەکەشیدا مامۆستایەتی کردووە.
فێریکێ ئوسوڤ لە شیعرەکانیدا گرنگییەکی تایبەتی بە هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان داوە. ئەو هەروەها وەرگێڕێکی بەتوانا بووە؛ بەرهەمەکانی شکسپیر و گۆتە و چەندین نووسەری مەزنی جیهانی بۆ کوردی وەرگێڕاوە.
فێریکێ ئوسوڤ لە ساڵی 1997 لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە شاری یەریڤان کۆچیدوایی کرد و لە گوندەکەی خۆی بەخاک سپێردرا.