
کامێز شەدادی
رووداو - یەریڤان
«یەریڤان خەبەر ددە...»؛ ئەم رستەیە بۆ ماوەی پەنجاوچوار ساڵ، هێمایەک بوو بۆ شکۆ و ئامادەیی زمانی کوردی لە شەپۆلەکانی رادیۆی یەریڤانەوە. کەرەمێ سەیاد لە ساڵی هەزار و نۆسەد و شەستەوە چووە بەشی کوردیی رادیۆکە و بە دەنگە بەهێز و زوڵاڵەکەی بووە میوانی هەمیشەییی هەموو ماڵێکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگەدا.
تیتالێ کەرەم، بەڕێوەبەر و بێژەری ئێستای بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان، لەبارەی باشی و پاکژیی زمانی باوکییەوە لە رادیۆدا دەڵێت "باوکم کوردییەکی زۆر زەلال و پاکژی هەبوو، کورمانجییەکی یەکجار باشی دەزانی. لە ماڵیشدا بە هیچ شێوەیەک نەیدەهێشت ئێمە بە زمانێکی دیکە قسە بکەین. وەک دیکتاتۆرێک بوو بۆ پاراستنی زمانەکەمان لەناو ماڵدا، هەرگیز نەیدەهێشت وشەی بیانی تێکەڵ بە قسەکردنمان بێت».
سەرەڕای نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەو تەنگژە ئابوورییە سەختەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرت، کەرەمێ سەیاد بڕیاری دا بە تەنیا لە رادیۆکەدا بمێنێتەوە.
تیتال لەبارەی وەفاداری و سووربوونی باوکی بۆ درێژەدان بە پەخشی کوردی دەڵێت "کاتێک دەوڵەتی سۆڤیەت رووخا، زۆر کەس بەشی رادیۆیان جێهێشت بەهۆی بێمووچەیی و سەختیی ژیانەوە. سەرۆکی بەشی زمانە بیانییەکان بە باوکمی گوت پێویست ناکات بە پێ بێیت و لەم سەرمایەدا لە دەوام بمێنیتەوە لەکاتێکدا هۆکاری گواستنەوەش نییە. باوکم راستەوخۆ پێی گوت: نەخێر، ئەمە بەشی کوردییە، ئەگەر بە پێش بێت دێم و هەواڵەکان دەخوێنمەوە، چونکە تەنیا من ماوم و نابێت دەنگی رادیۆی کوردی ببڕێت"
کەرەمێ سەیاد کە لە ساڵی 1938 لە گوندی هەکۆی سەر بە ناوچەی تالین لەدایکبوو، بنەماڵەکەی لە ساڵی 1918 بەهۆی عوسمانییەکانەوە لە قارسەوە کۆچیان کردبوو. ئەو تاوەکو ساڵی 2014 لە کارەکەی بەردەوام بوو و دواتر مایکەکەی بە تیتالی کوڕی سپارد. لە ساڵی 2021 کۆچی دواییکرد و لە گوندی هەکۆ بە خاک سپێردرا. لەسەر گۆڕەکەی شیعرێکی فەریکێ ئوسوڤ نووسراوە کە دەڵێت دەنگی ئەو وەک جۆگەیەکی زوڵاڵ بەردەوام دەبێت و دەبێتە چەمێکی گەورە.