لە شاری بانە، هونەرمەندێک تەواوی یاسا باوەکانی تابلۆسازیی گۆڕیوە و رووی لە سرووشت کردووەتەوە. فەرەیدوون عەبدوڵڵایی لە ساڵی 2000ـوە، کاتێک دەستبەرداری هەموو جۆرە بۆیە و رەنگێکی دەستکرد بوو، شێوازێکی تەواو جیاوازی لە تابلۆسازیدا داهێنا، شێوازێک کە سەرچاوەکەی تەنیا خودی سرووشتە. ئەو بە پێ دەشت و شاخەکانی ناوچەکە دەگەڕێت، خۆڵ، خاکی رەنگاوڕەنگ، بەردی ورد و چڵی داری وشک کۆدەکاتەوە و دەیانهێنێتە ماڵەکەی. بۆ دەستکەوتنی رەنگی سپیش، پەنا بۆ توێکڵی هێلکە دەبات و دەیهاڕێت تاوەکو بیکاتە بەفری سەر گوێسەبانەی ماڵە قوڕینەکان لە تابلۆکانیدا.
فەرەیدوون عەبدوڵڵایی لەبارەی پێناسەی هونەر و جیهانبینیی خۆیەوە دەڵێت: "هونەر واتە نواندن، واتە خوڵقاندن، واتە گەیشتن بە جوانییەکان و ئامانجەکان، بە لووتکە بەرزەکانی ژیان. بۆ هونەرمەند هەموو شتێک مانایەکی تایبەتی هەیە؛ تەنانەت لە سروەی بایەک، لە چریوەی مەلێک، لە شمشاڵی شوانێک و دەنگی جووتیارێکدا. ئەمە هەمووی هاندەرێکە بۆ هونەرمەند تاوەکو کارێکی جوان دروست بکات. هونەرمەند زمان و ئاوێنەی گەلەکەیەتی و ناکرێت خەم سارد بێت بەرامبەر بە خۆشی و ناخۆشییەکانی میللەتەکەی".
تابلۆکانی ئەم شێوەکارە جگەلەوەی گوزارشت لە ژیانی گوند، دروێنە و فۆلکلۆری کوردی دەکەن، برینە گەورەکانی مێژوویش تۆمار دەکەن. لە بەرهەمەکانیدا مەرگەساتی ئەنفال بە دیمەنی کاریگەر و تەنیا بە خاکی سرووشتی نەخشێنراوە.
فەرەیدوون عەبدوڵڵایی لەبارەی کارەساتەکانی سەر گەلی کورد و نەخشاندنیان دەڵێت: "کارەساتی ئەنفال شتێکی زۆر زۆر دڵتەزێن و برینێکی هەمیشەیییە بۆ گەلی کورد. تەنیا تاوانی ئەوان ئەوە بوو کە خوای گەورە بە کورد دروستی کردبوون. لە پڕۆسەی ئەنفالدا سەدان هەزار کەسیان بێسەروشوێن کرد کە تاوانێکی زۆر گەورە بوو. دیارە ئەمە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ناخۆشە، ئەرکی سەرشانی هونەرمەندیشە هەستی خۆی دەرببڕێت و کار لەسەر ئەو کارەساتە بکات تاوەکو بە بینەر و دنیای بناسێنێت".
دروستکردنی ئەم تابلۆیانە بەهۆی وردەکارییەکانیانەوە، پشوودرێژی و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت.
عەبدوڵڵایی لەبارەی کات و ماندووبوونی بەرهەمەکانیەوە دەڵێت "ئەم کارانەی من چونکە وردەکاریی زۆری تێدایە، وزەیەکی زۆری دەوێت. هەندێک تابلۆ هەن رۆژانە سێ بۆ چوار کاژێر کاری لەسەر دەکەم، هەشمە نزیکەی مانگێکی دەوێت تاوەکو تەواو بێت و سەت بۆ سەت و بیست کاژێر کاری پێویستە. دەبێت مرۆڤ عەشق و خۆشەویستیی بۆ کارەکە هەبێت تاوەکو بتوانێت بەردەوام بێت. من لەم کارانەم هیچ ماندوو نابم و سوپاس بۆ خوا کە ئەم بەهرەیەی پێ بەخشیوم".