
دەربارە
کەڤین حوسێن
رووداو - زاخۆ
جلوبەرگی کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی، لەنێو ئەوانەشدا شاڵ و شەپک پێگەیەکی تایبەتی هەیە کە لە مووی بزن (مەرەز) و بە چەندین قۆناغی ورد ئامادە دەکرێت. لە شاری زاخۆ، ماهیر عەبدوڵڵا لە ساڵی 1992ـەوە کاری فرۆشتن و دوورینی شاڵ و شەپک دەکات و مەرەزەکەی لە بێرسڤ لەلایەن چەند خێزانێکی کریستیانەوە بۆ ئامادە دەکرێت.
نرخی شاڵ و شەپک لە دوکانەکەی ماهیر لە 500 دۆلارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 1300 دۆلار، ئەمەش بەپێی جۆری مووەکە و نەرمییەکەی دەگۆڕێت. ماهیر عەبدوڵڵا لەبارەی جیاوازیی کوالێتی و نرخەکانەوە دەڵێت: "ئەمە لە مەرەزی سافی دروست دەکرێت و چەند بیشۆیت رەنگەکەی ناگۆڕێت، چونکە رەنگی سرووشتیی مووەکە خۆیەتی و بۆیەی دەستکرد نییە. نرخەکان لە 500 و 600 دۆلارەوە هەن تاوەکو 1200 و 1300 دۆلار؛ جیاوازیی نرخەکان لەسەر نەرمیی مووەکەیە، مووی بزنی دوو بۆ سێ ساڵە زۆر نەرمە و زبر نییە، بەڵام مووی بزنی دە ساڵە زبرترە".
لە ناوچەی بادینان زیاتر لە حەوت جۆری شاڵ و شەپک هەن کە هەر یەکەیان شێوازی دوورین و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. سەعید عەبدولمەلیک، کە شارەزایەکی ئەم بوارەیە، لەبارەی جۆرەکانی دوورین و خواستی خەڵکەوە دەڵێت: "جۆری زۆرمان هەیە وەک دهۆکی، زاخۆیی، شەنگالی، بۆتانی و سندی؛ هەریەکەیان شێوازی دوورینی خۆی هەیە، بۆ نموونە هی سندی و بۆتانی دەلینگەکانیان فراوانترن". بە گوتەی مام سەعید، رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر ئەم جلوبەرگە رەسەنە زیاتر دەبێت و گەنجەکانیش لە بۆنە و ئاهەنگ و فێستیڤاڵەکاندا بە شانازییەوە لەبەری دەکەن.