لە بەریتانیا تیشێرتێکی زیرەک بۆ زوودەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ دروستدەکرێت
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی بەریتانیا رایدەگەیێنن، تیشێرتێکی زیرەک بە پاڵپشتیی ژیریی دەستکرد بۆ زوودەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ دروستدەکەن و هەر کەسێک لەبەری بکات، وەکو ئەوە وایە کە ئامێری هێڵکاریی دڵی پێوە بێت.
پسپۆڕانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا کارەکە دەکەن و دەڵێن، ئەو تیشێرتە لە چاودێریی بەردەوامی بەکارهێنەر دەبێت و 50 هەستەوەری وردی تێدایە کە هێڵکاریی کارەبایی دڵ دەپێون.
ئەوەی ئەو تیشێرتە تایبەتمەندتر دەکات ئەوەیە ''لەکاتی خەوتن و کارکردنیش ئاساییە بەکاربێت و دەشتواندرێت بشۆردرێت و دووبارە لەبەربکرێتەوە''.
پڕۆفیسۆر زاکاری وینێت، سەرپەرشتیاری دروستکردن و تاقیکردنەوەی تیشێرتەکە دەڵێت: ئێستا بە بەشداریی 200 خۆبەخش ماوەی سێ مانگ تاقیکردنەوەی چڕ بۆ تیشێرتەکە دەکەین تاوەکو دڵنیایی لە وردیی زانیارییەکان بدەین.
ئەوان پێشبینی دەکەن، نزیکەی پێنج ساڵی دیکە تیشێرتی زیرەک بۆ چاودێریی بەردەوامی نیشانە کارەباییەکانی دڵ یاخود بۆ هێڵکاریی بەردەوامی دڵ ECG بخرێتە بازاڕەوە.
نیشانە و هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ
بە گوێرەی دامەزراوەی دڵی ئەمریکی، نیشانەکانی وەکو 'سینگئێشە، ئازاری شان، مل و قۆڵەکان، هێڵنج، رشانەوە، ئارەقکردنەوە، ساردبوونی پێست، هەناسەتەنگی و ناڕێکیی لێدانی دڵ' نیشانە باوەکانی تووشبوونن بە جەڵتەی دڵ.
هاوکات دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، لەکاتی دەرکەوتنی هەر یەک لەو نیشانانە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکرێت و پزیشکی پسپۆڕ ببیندرێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەمدەکاتەوە''
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هۆکارەکانی وەکو 'کێشانی جگەرە و نێرگەلە، گوشاری دەروونی، ناڕێکیی خەو، خواردنی خۆراکی ناتەندروست، نەخۆشییە درێژخایێنەکان، قەڵەوی و بۆماوەیی' دەکرێت ببنەهۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یاخود مەترسیی جەڵتەی دڵ زیادبکەن.