رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات

رووداو - تەندروستی

ئۆفیسی عێراقیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ستایشی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی رووداو دەکات و بە پڕۆژەیەکی گرنگ و کاریگەری دادەنێت.
 
رۆژی شەممە 1-6-2025 لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵات بە براوەی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ ئەمساڵ، د، چیمەن ئاکرێیی وەکو نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق لەنێو رێوڕەسمەکە ئامادە بوو و گوتی، رۆڵی رووداو لە هۆشیاریی تەندروستی بەرز دەنرخێنین و ئەنتیتۆباکۆ هانی خەڵک دەدات بۆ دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە نزیکەی 50٪ی بەکارهێنەرانیان دەکوژن و تووتن و بەرهەمەکانی ساڵانە لانیکەم 8 ملیۆن کەس دەکوژن.
 
هەروەها جگەرەکێشانی دەستی دووەم ساڵانە هۆکاری مردنی 1.3 ملیۆن کەسە، لەو کاتەشدا دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرپەرشتیاری گشتیی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ رایگەیاند، ئامانجی ئەنتیتۆباکۆ دووربوونی هاونیشتمانییانە لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان و رووداو وەکو یەکەم میدیا لە جیهاندا کەمپینی ئەنتیتۆباکۆی راگەیاندووە.
 
ئەوەشی باس کرد، ''کوردانی بەشەکانی کوردستان و تاراوگەش بەشدارییان لە ئەنتیتۆباکۆ کردووە''.