لە سلێمانی و هەولێر بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە 40 کەس سەردانی فریاکەوتنیان کردووە
رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی و هەولێر بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە 40 کەس سەردانی فریاکەوتنیان کردووە، بەجۆرێک لە سلێمانی نزیکەی 30 کەس لە نەخۆشخانەی شار و لە هەولێریش نزیکەی 10 کەس لە فریاکەوتنی رزگاری تۆمار کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 1-7-2025 نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئەوەی گوت لەکۆی نزیکەی 30 کەس کە بەهۆی خۆڵبارینەوە چوونەتە نەخۆشانەی شار، سیانیان تاوەکو ئێستاش لە نەخۆشخانەکە ماونەتەوە، بەڵام دۆخیان جێگیرە و لە مەترسیدا نین.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشانەی رزگاریی فێرکاریی لە هەولێر، لە دوێنێوە 9 کەس چوونەتە نەخۆشخانەی کە سەرجەمیان رەبۆیان هەبووە و بەهۆی خۆڵبارینەکەوە دۆخیان تێکچووە.
دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە شەممەوە پێشبینی خۆڵبارینی کردبوو و لە یەکشەممەوە تاوەکو ئێستا لە'هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەلار، راپەڕین و کەمێ خۆڵبارین لە زاخۆ' بەردەوامە، بەپێی کەشناسیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمشەو خۆڵبارینەکە کەمتر دەبێتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC رێگە کاریگەرەکانی خۆپارێزی لەکاتی خۆڵبارین ئەمانەی خوارەوەن؛
- بەستنی دەمامک
- هەناسەدان لەڕێگەی لووتەوە
- داخستنی دەرگە و پەنجەرەکانی ماڵ
- خواردنەوەی ئاو
- شووشتنی دەستەکان پێش دەستدان لە دەم و چاو
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی لووت
- پاراستنی چاوەکان
- نەبەستنی هاوێنەی دەستکردی چاو
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ
- هێواشبوون لەکاتی لێخوڕین
هەر بەپێی CDC ئەمانەی خوارەوەش گرووپە مەترسیدارەکان بۆ کاریگەریی خۆڵبارین کە دەشێت خۆڵبارین تووشی کێشەی تەندروستییان بکات وەکو؛
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە
- تووشبووانی رەبۆ و شێرپەنجە
- منداڵ و بەساڵاچووان
- خانمانی دووگیان
- ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
- ئەوانەی هەستیارییان هەیە