پسپۆڕێک: منداڵ بە نەخۆشیی گەنم کورتەباڵا دەبێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، نەخۆشیی گەنم دەشێت وا لە منداڵ بکات کە کورتەباڵا بن و هەندێکجار نیشانەکانی دووەمیی گەشەی رەگەزی دوابکەوێت.
د. دڵزار ئەدهەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لەبارەی چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە گوتی، نزیکەی 1٪ بۆ 2٪ـی منداڵان ئەم نەخۆشییەیان هەیە کە لەو کاتەی دەست دەکرێت بە خۆراکدان بە منداڵ بەدەردەکەوێت. نیشانەکانیش لە دەقی وەڵامەکانیەتی بۆ رووداو.
رووداو: چۆن دەزانیت منداڵ نەخۆشیی گەنمی هەیە؟
د. دڵزار ئەدهەم: نەخۆشیی گەنم نەخۆشییەکی درێژخایەنی کۆئەندامی هەرس و ریخۆڵەیە، لە منداڵاندا بەهۆی هەستیاریی سیستمی بەرگریی جەستە بەرامبەر بە مادەی گلوتین کە لەنێو گەنم، جۆ و هەندێک خۆراکی دیکە هەیە، روودەدات.
رووداو: نیشانەکانی نەخۆشیی گەنم چین؟
د. دڵزار ئەدهەم: نیشانەکان دەشێت ئەمانە بن؛
1- سکچوونی درێژخایەن.
2- ئەستووربوونی سک.
3- کەمخوێنیی درێژخایەن و چاکنەبوونەوەی کەمخوێنییەکە بە چارەسەر.
4- سکئێشەی درێژخایەن.
5- هەوکردنی درێژخایەنی نێو دەم و تێکچوون و پووکانەوەی ددانەکان.
6- گەشەنەکردن بەتایبەت کێشی مناڵەکە دایمە کەمە و زیاد ناکات.
7- هەندێکجار مناڵەکە تووشی قەبزیی درێژخایەن دەبێت.
8- نەمانی ئارەزووی خواردن و هەندێکجار هێڵنج و رشانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.
9- منداڵەکان کورتەباڵا دەبن و هەندێکجار نیشانەکانی دووەمیی گەشەی رەگەزی دوادەکەوێت.
رووداو: چۆن نەخۆشیی گەنم دەستنیشان دەکرێت؟
د. دڵزار ئەدهەم: لەڕێگەی هەندێک پشکنینی تاقیگەیی دیاری دەکرێت، بەڵام تاکە رێگەی زۆر ورد و پشتپێبەستراو لەڕێگەی هەناوبینی ''ناظور''ـی گەدە و دووانزەگرێوەیە.
رووداو: چارەسەرەکانی نەخۆشیی گەنم چین؟
د. دڵزار ئەدهەم: دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی کە مادەی گلوتینیان تێدایە وەکو ئەوانەی ئەو خۆراکانەی گەنم و جۆیان تێدایە یاخود هەندێک خۆراکی دیکە.