د. سامان بەرزنجی: لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری کەمبوونەوەی دەرمانی 'پڕۆگراف'
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی دەرمانی نایاسایی، کەمبوونەوە لە دەرمانێکی گرنگ بۆ ئەوانەی گورچیلەیان بۆ دەچێندرێت روویداوە و لە هەوڵی چارەسەرکردنیشیدان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-10-2025 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی ئەو جۆرە دەرمانەی کرد کە دوای چاندنی گورچیلە پێویستە بەکاربێت کە نەماوە و رایگەیاند، کورتهێنان لە دەرمانی پڕۆگراف بەهۆی ئەوەیە کە لە بەغداوە بە بڕێکی کەم دێت و لە رابردووشدا بەشێوەی نایاسایی دەهاتە بازاڕەوە و لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنیدا، ئەوە نەما.
د. سامان بەرزنجی روونی دەکاتەوە، لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی دەرمانەکە. دووپاتیشی کردەوە کە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی مافی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانە. جەختیش دەکەنەوە لە دابینکردنی بەردەوامی دەرمان بە بڕی پێویست لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
وەزیری تەندروستی لەبارەی میلاکی وەزارەتەکەی قسەی کرد و گوتی، ئەو میلاکەی ئەم ساڵ پێویستە وەکو پار نییە و رۆژ بە رۆژ هی زیاتر پێویستە لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کارمەندان خانەنشین بوون و بەشێکیشیان لە سەردەمی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و بەشێکی دیکەش بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە.
هەر لە کۆنگرەکەدا د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی، چاککردنەوەی ئامێرە پزیشکییەکان ساڵانە کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم تەندروستیی سلێمانیدا و پارەیەکی زۆری تێدەچێت، بەڵام هەموو ساڵێک دوادەکەوێت، بەهۆی لێکتێنەگەیشتن لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆنفرانسی نەخۆشییەکانی شەکرە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری تەندروستی بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی موژدەی ئەوەیان دا، سەنتەری شووشتنی گورچیلە فراوان دەکرێت و چەندین پڕۆژەی دیکەش دەکرێنەوە.
دەرمانی پڕۆگراف چییە؟
د. شاخەوان حەمە ئەمین، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت: جاران بە شێوەیەکی رێک و پێک بە درێژخایەن بۆ نەخۆشەکان بەکاردەهات، جاری وا هەیە ئەو دەرمانانە کێشەیان تێدەکەوێت و دەستناکەون، ئەمەش دەبێتە بەربەست کە لەوانەیە ئەنجامێکی خراپ لەسەر گورچیلەکە دروستبکات. (راپۆرتێک ببینە)