پەیمانگەی کارۆلینسکا: پێویستە خانمان پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە سوێد هۆشداری دەدات و ئاشکرای کردووە، ئەو خانمانەی یەکەم پشکنینی شێرپەنجەی مەمک ناکەن لە تەمەنی 40 ساڵی و پشتگوێی دەخەن 40٪ مەترسیی مردنیان زیاترە.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی پەیمانگای کارۆلینسکا لە سوێد کراوە و داتای نزیکەی نیو ملیۆن خانمی شیکردووەتەوە و بۆ ماوەی 25 ساڵ چاودێری کراون، دەکەتووە، ئەو خانمانەی یەکەم پشکنینی شێرپەنجەی مەمک پشتگوێ دەخەن، مەترسیی گیانلەدەستدانیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە بە رێژەی 40% زیاترە.
دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، دەرکەوتووە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خانمان (32%) بەشداریی یەکەم پشکنینی مامۆگرامیان نەکردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە رێژەی مردن لەنێو ئەو خانمانەدا 9.9 بووە لە هەر هەزار خانمێکدا، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لەنێو ئەو کەسانەی پشکنینیان کردووە تەنیا 7 لە هەزار حاڵەت بووە.
توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، کە مەترسیی زیاتری مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە بەشداری ناکەن، پەیوەندی بە دواکەوتنی دەستنیشانکردنەوە هەیە، نەک زیادبوونی رێژەی تووشبوون.
بۆ نموونە، نوێترین داتاکانی سیستمی تەندروستیی بەریتانیا (NHS) دەریدەخات کە تا مانگی ئاداری 2024، نزیکەی یەک لەسەر سێی خانمان پشکنینەکانیان ئەنجام نەداوە.
کلێر رۆونی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی خێرخوازیی 'Breast Cancer Now'، رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە خانمان یەکەم پشکنینیان لەدەستدەدەن و داوای کرد رێکاری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ هاندانی خانمان.