هۆشداریی جیدی دەدرێتە خانمان؛ 15٪ـی دووگیانییەکان بە لەبارچوون کۆتاییان دێت!
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی گۆڤاری نێودەوڵەتیی نەیچەر ئاشکرای دەکات، 15٪ـی دووگیانییەکانی جیهان بە لەبارچوون کۆتاییان دێت و بۆ ئەوەی خانمان ئەم ئەگەرە کەم بکەنەوە، پێویستیان بە چەند رێگەیەکی خۆرپاراستن هەیە.
توێژەرانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا داتاکانی 140 هەزار کۆرپەلەی لەبارچوویان شیکردەوە و دەرکەوت، هۆکاری بۆماوەیی بە هۆیەکی سەرەکیی لەبارچوون دادەنێت و دەڵێن، ناڕێکی لە دروستبوونی کڕۆمۆسۆم (جین)ـی کۆرپەلە بەتایبەتی لە شەش مانگی دووگیانیدا ئەگەرێکی زۆر بۆ لەبارچوون دروستدەکات.
راجیف مەککۆی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: دەشێت ناڕێکییەکانی کڕۆمۆسۆم لەنێو ئەو خانمانە زۆر بێت کە لە تەمەنێکی زۆردا دووگیان دەبن.
هۆکارەکانی لەبارچوونی منداڵ لەماوەی دووگیانیدا
1- گەورەبوونی تەمەنی دایک، بەجۆرێک ئەوانەی سەروو 35 ساڵانن ئەگەری لەبارچوونیان زیاترە
2- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
3- خواردنەوەی کحول
4- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان
5- قەڵەوی
6- تووشبوونی دایک بە هەندێک جۆری ڤایرۆس و بەکتریا
7- کۆنتڕۆڵنەکردنی نەخۆشییە درێژخایێنەکان وەکو 'شەکرە، پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی غودە'
8- هەبوونی کێشە لە منداڵدان و ملی منداڵدان