دەرمانسازێک: سیڕەمی ڤیتامین C لە بەیانیاندا بەکاربێت، نەک شەوان

رووداو - تەندروستی

ناوەندی تەندروستیی مایۆکلینیک ئاشکرای دەکات، ڤیتامین سی گرنگە بۆ کرداری زوو چاکبوونەوەی جەستە، پزیشکێکی دەرمانسازیش رایدەگەیێنێت: ئەو ڤیتامینە یارمەتیی دروستبوونی کۆلاجینی پێست دەدات و باشترە هەمیشە سیڕەمی ڤیتامینەکە بەکاربێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 2-6-2025 ئایە عەبدولکەریم، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستیدا هەڵەیەک راست دەکاتەوە و دەڵێت: باشترە سیڕەمی ڤیتامین سی کە لەسەر بەرهەمەکان نووسراوە ئەسکۆربیک ئەسید، لە بەیانیاندا بەکاربێت، بەڵام دەبێت دژەخۆریشی لەگەڵدا بەکاربێت.
 
توێژینەوەیەک لە مایۆکلینیک کراوە و دەرکەوتووە، ڤیتامین سی تایبەتمەندیی دژەئۆکسانی هەیە بەمەش یارمەتیی خانەکانی جەستە دەدات بۆ هەڵمژین و هەڵگرتنی ئاسن و زوو چاک بوونەوە.
 
بەگوێرەی ناوەندی نیشتمانیی تەندروستی لە بەریتانیا، ڤیتامین سی دروستبوونی ئاسەواری برین لە پاش چاکبوونەوەی برینەکە کەم دەکاتەوە. 
 
ئەو خۆراکانەی بە ڤیتامین C دەوڵەمەندن;
 
- خۆراکە مزرەکان
-تووەکان
-تەماتە
-کاڵەک
-ئاڤۆگادۆ
- بیبەر
- پەتاتە و گێزەر
- سپێناخ
- قەیسی
- شێلم
- برۆکلی
- کەلەرم