لە تورکیا ژمارەی کلینیکەکانی وازهێنان لە تووتن زیاد دەکرێن

رووداو - تەندروستی

جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی کلینیکەکانی وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ لەو وڵاتەدا بۆ 672 کلینیک بەرز بووەتەوە و سەرکەوتنی هەڵمەتێکی ئەم دواییانەی دژ بە جگەرەکێشانیشی راگەیاند.
 
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: هەڵمەتی ''واز لە جگەرەکێشان بهێنە و ژیانت بگۆڕە'' 85٪ خواستی خەڵکی بۆ ناوتۆمارکردن لەو کلینیکانە زیاد کردووە.
 
بەپێی ئامارەکان، ساڵی 2020 رێژەی جگەرەکێشان لە تورکیا 31.6٪ بووە، بەڵام ئەم رێژەیە لە ساڵی 2022 بۆ 30.5٪ کەمی کردووە و تەندروستیی وڵاتەکەش ئەوەی بۆ پابەندبوون بە رێوشوێنەکانی قەدەخەکردن و کەمکردنەوەی تووتن گەڕاندەوە.
 
رووداو وەکو یەکەم میدیا لە جیهاندا بۆ چوارەم ساڵ کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆی لە 1-1-2025 راگەیاند، کەمپەینەکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان وەکو بەشێک لە کەمپەینەکە، کلینیکی ئەنتیتۆباکۆش لە هەولێر کرایەوە.
 
سەتان کەس وازیان لە جگەرەکێشان هێناو و 100 کەس ناویان چووە نێو تیروپشک بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتەی دانرابوو کە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها بوو، لە 31-5-2025 بە تیروپشک خەڵاتەکە راگەیێنرا
 
لەبارەی ئەو کەمپەینەی رووداویش، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتە دەنگ و گوتی، ''ئەنتیتۆباکۆ پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ وازهێنان لە تووتن و دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین بۆ هاندانی خەڵک لە وازهێنان لە تووتن''.