نەتەوە یەکگرتووەکان: شیری دایک جێگرەوەی نییە
رووداو - تەندروستی
ئەم هەفتەیە هەفتەی شیرپێدانی سرووشتییە، شیری دایک، نەک تەنیا دڵۆپێک شیر، بەڵکو ڤاکسینێکە لە بەهەشتەوە و یەکەمین بەڵێنی ژیان و بەهێزترین قەڵخانە دژی نەخۆشی.
لە هەفتەی جیهانیی شیردانی سرووشتیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگێکی بەرز رایدەگەیێنێت، شیری دایک ئەو دیارییە بێوێنەیەیە کە سرووشت پێشکەش بە مرۆڤی دەکات و هیچ شتێک لەم جیهانەدا ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکی نوێدا جەخت دەکاتەوە، شیری دایک تەنیا خۆراک نییە، بەڵکو "دەرمانێکی زیندوو" و "تایبەتترین چارەسەرە" کە بە شێوەیەکی بێوێنە بۆ هەر کۆرپەلەیەک دروست کراوە. پێدانی شیری دایک بەتەنیا بۆ ماوەی شەش مانگی یەکەم، بناخەی ژیانێکی تەندروست دادەڕێژێت و کۆرپە لە مەترسیی چەندین نەخۆشی دەپارێزێت.
یەکەم شیری دایک، کە بە ژەک ناسراوە، وەک یەکەمین ڤاکسین کاردەکات و پڕە لە دژەتەن کە سیستمی بەرگریی کۆرپەی ساوا بەهێز دەکات و دەیپارێزێت لە هەوکردنی گوێ، سکچوون، هەوکردنی سییەکان و نەخۆشییە باوەکانی دیکەی منداڵان.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی شیری دایک ئەوەیە کە کاتێک دایک نەخۆش دەکەوێت، جەستەی راستەوخۆ دژەتەنی تایبەت بەو نەخۆشییە دروست دەکات و لە رێگەی شیرەکەیەوە دەینێرێت بۆ کۆرپەلەکەی، بەمەش کۆرپەلەکە لە تووشبوون بەو نەخۆشییە دەپارێزێت. هەر ئەمەش وای کردووە پسپۆڕان بە "تایبەتترین و کاریگەرترین جۆری دەرمان" ناوی ببەن.
لە بەرامبەر ئەم گەنجینە سرووشتییەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی شیری قوتوو، کە ئەو خانە زیندوو، هۆرمۆن و دژەتەنانەی تێدا نییە کە لەشیری دایکدا هەیە و مەترسیی پیسبوونی شیرەکە لە کاتی ئامادەکردندا بە شێوەیەکی ناتەندروست، دەکرێت ژیانی کۆرپە بخاتە مەترسییەوە.