بە فەرمی لە چین کوتان بە ڤاکسینی ڤایرۆسی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووە نیشتمانی
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە چین رایدەگەیێنێت، کوتان بە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) دەخرێتە نێو بەرنامەی نیشتمانیی کوتانەوە.
ناوەندەکە بڕیاریداوە لە 10ـی ئەم مانگەوە بۆ خۆپاراستنی زیاتر و پێشگیریکردنی بەهێز لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، کوتان بە ڤاکسینی HPV بخاتە نێو بەرنامەی کوتانی نیشتمانی، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو ڤایرۆسە هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان کە شێرپەنجەیەکی مەترسیدار و کوشندەیە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو کچانەی سەروو 13 ساڵن دوو ژەمی ڤاکسینی HPV بەخۆڕایی وەردەگرن، شەش مانگ لەنێوان هەردوو ژەمەکەشدا هەن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پیرۆزبایی لە چین دەکات بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی و دەڵێت، بایەخدان بە کوتان دژی ڤایرۆسی شێرپەنجەی ملی منداڵدان ژیانی ملیۆنان خانم دەپارێزێت.
د. مارتن تایلەر، نوێنەری WHO لە چین دەڵێت: ئەمە پێشکەوتنێکی کاریگەرە بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، بەتایبەت پاراستنی نەوەی داهاتووی کچان.
ئایا لە هەرێمی کوردستان ڤاکسینەکە هەیە؟ (وەڵامەکەی لێرەوە بزانە)
شێرپەنجەی ملی منداڵدان چییە؟
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە جیهاندا چوارەم جۆری شێرپەنجەی باوە و لە ساڵی 2020 نزیکەی 604 هەزار تووشبوو و 342 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.
دەزگای کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا وەرگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسی HPV بە کاریگەرترین رێگەی پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دادەنێت و رێنوینی سەرجەم خانمان دەکات لە تەمەنی 12 ساڵیەوە ئاساییە ڤاکسینەکە وەربگرن.
رێنوێنییە جیهانییەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی رایدەگەیێنن، پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە ناوی 'PAP Smear' یاخود پشکنینی ڤایرۆسی HPV مەترسی و رێژەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکەی کەمدەکاتەوە، بەجۆرێک هەر خانمێک دوای تەمەنی 20 ساڵی دەتوانێت ئەو پشکنینانە بکات.