پاچێکی پێست چاودێریی تەندروستیی بەرگریی جەستە دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژەران لە ئەمریکا، بۆ یەکەمجار پاچێکی پێستیان دروستکردووە کە وەک لەزگەیەک وایە و دەتوانێت بەبێ ئازار پشکنینی خوێن و چاودێریی سیستمی بەرگریی جەستە بکات.
 
توێژەران لە تاقیگەی جاکسۆن لە ئامریکا ئاشکرایانکرد ئامێرەکە کە لەڕێگەی دەرزیی زۆر وردەوە (مایکرۆنیدڵ) کاردەکات، دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئاماژەکانی هەوکردن دەستنیشان بکات و لە ماوەی چەند کاژێرێکدا خانە بەرگرییە تایبەتمەندەکان کۆبکاتەوە، بێ ئەوەی پێویست بە وەرگرتنی خوێن یان نموونەی شانەیی (biopsy) بکات.
 
ساسان جەلیلی ئەندازیاری بایۆمیدیکاڵ لە تاقیگەی جاکسۆن دەڵێت،"ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ لێکۆڵینەوە لە وەڵامدانەوە بەرگرییەکانی پەیوەست بە پیربوون و نەخۆشییە خۆبەرگرییەکانی پێست وەک بەڵەکی و سەدەف بەکاردەهێنرێت، لە داهاتوودا دەتوانرێت بۆ چاودێریکردنی وەڵامی جەستە بۆ ڤاکسین، هەوکردن و چارەسەرییەکانی شێرپەنجە بەکاربهێنرێت."
 
ساسان جەلیلی گوتی ئەم داهێنانە بەتایبەتی بۆ ناوچە هەستیارەکانی وەک دەموچاو و مل گرنگە، کە زۆرجار خەڵک بەهۆی مەترسیی شوێنەوارەوە نایانەوێت نموونەیان لێ وەربگیرێت.