ڤێتێرنەریی دهۆک: هەڵمەتی تایبەتمان بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون راگەیاندووە
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی ڤێتێرنەریی دهۆک رایدەگەیێنێت، هەڵمەتی تایبەتیان راگەیاندووە بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون و دوو مانگ دەخایەنێت، هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان کە 'گۆشتی بێ مۆر نەکڕن'.
ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 ئەمین ئامێدی، گوتەبێژی ڤێتێرنەریی دهۆک لە بووڵتەنی نیورۆژدا رایگەیاند، لە 15ـی نیسان تاوەکو 15ـی حوزەیران هەڵمەتی رشاندن و کوتانی ئاژەڵیان راگەیاندووە و بەردەوامن بۆ پێشگیریکردن لە تای خوێنبەربوون و نەخۆشییەکانی نێو ئاژەڵان.
ئەمین ئامێدی گوتی، خەڵک دەبێت هۆشیار بن لە رێگەکانی خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون و مامەڵەی دروست لەگەڵ گۆشتی سوور بکەن.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، بەهیچ شێوەیەک گۆشتی بێ مۆر نەکڕن و نەخۆن. لە شوێنی یاسایشدا ئاژەڵەکانیان سەرببڕن و گۆشتی سەر شەقامەکان نەکڕن.
ئەمین ئامێدی دەڵێت: تائێستاش هاوردەکردنی ئاژەڵ لەگەڵ عێراق قەدەخەکراوە و زیاتر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گۆلک لە بەرازیل و ئۆکراینا و وڵاتانی دەرەوە دێت.
دوێنێ هەیینی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان یەکەم تووشبووی بە تای خوێنبەربوون راگەیاند، کە خەڵکی قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر. رووداو ئاشکرای دەکات، کەسەکە فەرمانبەرە و مانگێک لەمەوبەر بە کاتی، کاری فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە.
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
رێگەکانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون
- پێوەدانی مێروویەکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە
* ئاژەڵدار
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری
* کابانی ماڵەوە
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو