رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان یەکەم تووشبووی بە تای خوێنبەربوون راگەیاند، کە خەڵکی قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر. رووداو ئاشکرای دەکات، کەسەکە فەرمانبەرە و مانگێک لەمەوبەر بە کاتی، کاری فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تووشبووەکە رۆژی چوارشەممە 30-4-2025 دۆخی تەندروستیی تێکدەچێت و دەگەیێندرێتە فریاکەوتنی کۆیە، لەوێوە گومانی تای خوێنبەربوونی لێ دەکرێت و رەوانەی هەولێر دەکرێت، ئینجا پشکنینەکەی رەوانەی بەغدا دەکەن.
ئەمڕۆ بە فەرمی پشکنینەکەی هاتووەتەوە و دەرکەوتووە، نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تووشبووە. پەیامنێری رووداو دەڵێت: ماڵباتەکەی گوتویانە کە نیشانەکان سەرەتایین و تووشی خوێنبەربوونی نەکردووە و وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: ''باری تەندروستیی جێگیرە''.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، هۆکارە باوەکانی کۆنتڕۆڵ نەکردنی تای خوێنبەربوون باسکران و دەڵێت: تای خوێنبەربوون لە عێراق کۆنتڕۆڵ ناکرێت، چونکە هاوئاهەنگیی لەنێوان وەزارەتەکان نییە و کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون بە لەنێوبردنی گەنە دەبێت.
ئەوەشی باسکردن کە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە لەڕێگەی قڕکردنی گەنەوە دەبێت و یەکێکی دیکە لە کێشەکانی پەیدابوونەوەی نەخۆشییەکە، کەمیی پزیشکانی ڤێتێرنەریی دامەزراوە بۆ چاودێریکردنی ئاژەڵان.
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
رێگەکانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون
- پێوەدانی مێروویەکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە
* ئاژەڵدار
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری
* کابانی ماڵەوە
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ