لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان: نابێت هەموو پزیشکێکی ددان سڕکردنی گشتی بەکاربهێنێت

رووداو - تەندروستی

لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان رایدەگەیێنێت، سڕکردنی گشتی تەنیا دەبێت سێ پسپۆڕیی پزیشکیی ددان بیکەن و ئەوانی دیکە رێگەپێدراو نین.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-5-2026 دکتۆر ئەحمەد پاڵانی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر بڕیاردرا نەخۆش لەژێر سڕکردنی گشتیدا بێت، ئەوا پێویستە لەلایەن (پسپۆڕانی نەشتەرگەریی دەم و روو و شەویلاگ، پزیشکانی ددانی پسپۆڕی منداڵان و پزیشکانی ددانی پسپۆڕی خاوەن پێداویستیی تایبەت) بکرێت.
 
دکتۆر ئەحمەد پاڵانی دەڵێت: ئەو منداڵانەی ترسیان لە پزیشکی ددان هەیە یاخود ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن وەکو منداڵانی داون و ئۆتیزم، دەکرێت سوود لە سڕکردنی گشتی وەربگرن.
 
سەندیکاکە روونی دەکاتەوە، لەپێناو وردیی زیاتر لە کارەکانی پزیشکانی ددان و کەمکردنەوەی رێژەی هەڵەی پزیشکی لە کارەکاندا بڕیارەکەیان دەرکردووە.
 
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو نۆرینگەکانی ددان ئامێری تایبەت بە پاکژکردنەوەی کەلوپەل و پێداویستییە بەکارهاتووەکانیان هەبێت. (راپۆرتەکە ببینە).