رووداو - تەندروستی
جۆ لیندنەر، لەشجوانی بەنێوبانگی ئەڵمانی و خاوەنی 'ملیۆنان بینەر و سەرمایەیەکی زۆر' بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە تەمەنی 30 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بە گوتەی کچە هاوڕێکەی، لیندنەر تووشی حاڵەتێک بووە بە ناوی aneurysm کە دەبێتەهۆی ئاوسان و تەقینی شاخوێنبەر.
جۆ لیندنەر لە دوایین پۆستی خۆیدا ئاماژەی بە دووبارە بەکارهێنانەوەی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆن کردووە کە بە گوێرەی توێژینەوەکان هۆکارێکە بۆ ئاوسان و گیرانی خوێنبەری سەرەکیی دڵ.
توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، ئەوانەی دەرزیی تێستۆستیڕۆن بەکاردەهێنن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ وەکو 'جەڵتە و پەککەوتنی ماسوولکەکانی دڵ هەیە.
نیچای خۆشەویستی ئەو لەشجوانە ئەڵمانییە لەوبارەیەوە دەڵێت "سێ رۆژ پێش گیانلەدەستدانی، ئازاری ملی هەبووە''، بەڵام پشتگوێیان خستووە، هاوکات لە ئینستەگرامەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە لیندنەر بەهۆی هەڵئاوسانی شاخوێنبەرەوە تووشی جەڵتە بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لیندنەر لە ماوەیەکی کەمدا توانیی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و جیهان ناوبانگێکی زۆر بۆ خۆی پەیدابکات و ڤیدیۆ و وێنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ملیۆنان بینەریان هەبوو.
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا، ئاوسان و تەقینی شاخوێنبەر دەکرێت نیشانەکانی وەکو 'سەرئێشە، ئازاری مل و شان، سەرسووڕان، لەهۆشخۆچوون، سنگئێشە و هەناسەتەنگی' دروستبکات.
هەروەها ناوەندەکە دەریدەخات، 'خواردنی خۆراکی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول، کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن و وەرزشی مامناوەند' مەترسیی تووشبوون بە حاڵەتەکە کەمدەکەنەوە، ناوەندەکە ئەوەش ئاشکرادەکات کە بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆنەکانی وەکو تێستۆستیڕۆن دەشێت ببێتەهۆی ئاوسانی شاخوێنبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ