تەندروستی

بە گوتەی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی، لە فرۆشتنی دەرمانی قاچاخدا ئافرەتان زیاتر دەخەڵەتێندرێن. وێنە: FDA
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، فرۆشتنی دەرمان بە رێگەی ئۆنلاین قەدەخەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەی ئەو دەرمانانەی بەو رێگەیە دەفرۆشرێن، قاچاخ و رێگەپێنەدراون.
لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی)، كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشكێشی دەكات؛ دكتۆر كاردۆ وەهبی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەكەیان ساڵی رابردوو 467 سەردانی بۆ دەرمانخانە، سەنتەرە تەندروستییەكان و ئەو شوێنانە كردووە كە دەرمان و پێداویستیی تەندروستی دەفرۆشن.
دکتۆر کاردۆ وەهبی گوتی، لەو چوارچێوەیەدا 206 سەرپێچییان تۆمار كردووە و 38 شوێنیان داخستووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا دانانی سەنتەری لەیزەر زۆر بووە و هەندێك لەوانەی لەوێ کار دەکەن هیچ پسپۆڕییەكیان نییە. سەنتەرمان داخستووە خاوەنەكەی بازرگانی بەلوعە بووە؛ سەنتەری لەیزەرمان داخستووە پێستی چەندین كەسی سووتاندووە، چونكە ئەوانەی لەوێ بوون هیچ پسپۆڕییەكیان نەبووە."
بە قسەی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەگەر دەرمان لە دەرمانخانەی فەرمییش بكڕدرێت، نابێت بە دیلیڤەری بۆ هیچ كەسێك بنێردرێت، "ئێستا دەرمان فرۆشتن بە رێگەی ئۆنلاین زۆر بووە و زۆریش هەوڵمان داوە کۆنترۆڵی بکەین. هەندێک لەو دەرمانانە نەوەك بە قاچاخ هێندراون، بەڵكو سەرچاوەی هێنانیشیان نادیارە. كەس هەبووە كە دەرمانی قاچاخی فرۆشتووە، شەش مانگ بەدوایدا گەڕاوین تاوەكو دەستگیرمان كردووە."
دكتۆر كاردۆ وەهبی ئەوەشی خستەڕوو، بەشێكی ئەو دەرمانانەی لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن و خواستیان زۆر لەسەرە، دەرمانی دابەزاندانی کێش، بەهێزكردنی توانای سێكسی و چارەسەری شەكرە و قۆڵۆنن، "چەندین جۆر دەرمان و سپرا دەفرۆشرێن بەناوی گەورەكردنی ئەندامی نێرینەی پیاون كە هیچ بنەمایەكی زانستی تەندروستییان نییە؛ لە چەند دووكانێكیشدا جۆرە شافێكمان گرتووە کە گوایە بۆ تەسكکردنەوەی ئەندامی مێینەی ئافرەتان بەکاردەهێندێت و ئەویش هیچ بنەمایەكی زانستیی نەبووە."
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئەوەشی روونكردەوە، لە فرۆشتنی دەرمانی قاچاخدا ئافرەتان زیاتر دەخەڵەتێندرێن وەک لە پیاوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ