سەندیکای پزیشکان: بەرزنەکردنەوەی نازناوی زانستیی پزیشکان هۆکارێکی داڕمانی سیستمی تەندروستییە
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەبارەی پلە بەرزنەکردنەوەی پزیشکانی خولاوەوە رایدەگەیێنێت، پزیشکانی خولاو بناخەی هەموو نەخۆشخانە و سیستمێکی تەندروستین، پلە بەرزنەکردنەوەیان کێشەی زۆر لە سیستمی تەندروستی دروست دەکات.
د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەبارەی دانەمەزراندنی پزیشکانی گشتییەوە بە رووداو راگەیاند، نەبوونی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەو فۆڕمەی کە بەغدا بڵاوی کردەوە بۆ دامەزراندنی پزیشکان، واتا پزیشکانی گشتیی هەرێمی کوردستان بێبەشن لە دامەزراندن.
چونکە تەندروستیی بەغدا پێش چەند رۆژێک فۆڕمی ناوتۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندنی پزیشکانی گشتی بڵاوکردەوە، بەڵام هیچکام لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبوو.
بەگوتەی وەفایی، پێویستە حکومەتی ناوەندی بەزووترین کات رێگەچارەی دامەزراندن بۆ پزیشکان بدۆزێتەوە، ئەگەر نا داڕمانی فراوان لە کەرتی تەندروستیدا دروست دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون. دوێنێش گردبوونەوەیەکی فراوانی پزیشکانی ناڕازی کرا لەبارەی دانەمەزراندنی پزیشکان و پلەبەرزنەکردنەوەی پزیشکانی دامەزراو.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک