رووداو - تەندروستی
بەپێی نوێترین ئاماری سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، رێژەی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم لە منداڵاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام توێژەرێک کە خۆی دەستنیشانکراوی ئۆتیزمە، ئەمە وەک دەرفەتێک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیرتر دەبینێت.
جۆشوا ئانبار، توێژەر لە تۆڕی چاودێریی ئۆتیزم و کەمئەندامییە گەشەییەکان (ADDM) و دەستنیشانکراوی ئۆتیزم، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی داتاکانی ساڵی 2025، لە ئەمریکا لە هەر 31 منداڵێک، یەکێکیان بە ئۆتیزم دەستنیشان دەکرێت، ئەم رێژەیە لە ساڵی 2023دا 1 لە هەر 36 منداڵێک بوو.
ئانبار، دەڵێت، "ئەم ئامارانە وەک جێگەی نیگەرانی وەسف کراون، بەڵام من دەمەوێت دیدگایەکی جیاواز بخەمەڕوو روونیکردووەتەوە." هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە تەنیا زۆربوونی حاڵەتەکان نییە، بەڵکو فراوانبوونی پێناسەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و زیادبوونی هۆشیاری و قبووڵکردنی کۆمەڵایەتییە."
ئانبار داوا دەکات ئەم رێژە بەرزانە وەک بانگهێشتێک ببینرێن بۆ بنیاتنانی جیهانێک کە هەموو شێوازێکی بیرکردنەوە و بوون دەرفەتی گەشەکردنی هەبێت. ئەو پێشنیازی کردووە کە سیاسەتدانەران و خاوەنکاران شوێنی کار و کۆمەڵگەکان زیاتر لەگەڵ پێداویستییەکانی کەسانی ئۆتیزمدا بگونجێنن، وەک دابینکردنی راهێنانی تایبەت بۆ مامۆستایان، رێگەدان بە کارکردن لە ماڵەوە، و دروستکردنی شارە "دۆستەکانی ئۆتیزم"، وەک شاری مێسا لە ویلایەتی ئەریزۆنا.
جۆشوا ئانبار ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵانی 1990ـەکاندا وا مەزەندە دەکرا کە ئۆتیزم حاڵەتێکی دەگمەنە و لە هەر 500 منداڵێک یەکێکیان تووشی دەبێت، بەڵام توێژینەوەکانی دواتر دەریانخست کە رێژەکە زۆر لەوە بەرزترە. ئێستا ئۆتیزم لە هەموو جۆرە کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە بەبێ گوێدانە رەگەز، نەتەوە یان ئاستی داهات.
یەکێک لە گۆڕانکارییە بەرچاوەکان، کەمبوونەوەی جیاوازیی رەگەزییە لە دەستنیشانکردندا. پێشتر وا بڵاو بوو کە کوڕان 4 هێندەی کچان تووشی ئۆتیزم دەبن، بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ 3.4 کوڕ بەرامبەر بە 1 کچ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ