خانمێکی بەساڵاچوو تووشی شێرپەنجە بووە و چاک بووەتەوە، چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە

رووداو - تەندروستی

بەهیە خاتوونێکی بەساڵاچووە و چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە کە سەرەتا بە ئازاری مەمکی هەستی بە شێرپەنجەکەی کرد.
 
ئەو خاتوونە بەساڵاچووە دەڵێت، دوای ئەو ئازارەی (مەمک)ـی هەوڵیداوە ئازارەکە کەم بکاتەوە و بۆ رۆژی دواتر منداڵەکانی بردوویانە بۆ نەخۆشخانە، پاشان مامۆگرافییان بۆ کردووە و پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە، شێرپەنجەی هەیە و پێشنیازیان بۆ کردووە کە بە نەشتەرگەری مەمکی لاببرێت.
 
ئیدی ئەم خاتوونە رازی بووە و بە ئازایانە بڕیاردا کە 'پزیشکەکان چی باشە، ئەوەی بۆ بکەن'، ئێستاش بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە.
 
بەهیە خان بە بینەرانی رووداو دەڵێت، پشکنین بکەن، بۆ ئەوەی لەخۆتان دڵنیا ببنەوە.
 
لە مانگی رابردوودا رووداو هەڵمەتی لونای پەمەیی راگەیاند، بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو کرا بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
 
بابەتێک لێرەوە ببینە.