هونەرمەندان پاڵپشتیی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' دەکەن؛ 'خانمان شەرم لە نەخۆشییەکانی مەمک نەکەن'

18-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
بەشێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان لەگەڵ دکتۆر لونا.
بەشێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان لەگەڵ دکتۆر لونا.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

هەڵمەتی لونای پەمەیی بەردەوامە، دکتۆر لونا لەنێو پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییە و چەندان هونەرمەند پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی دەربڕیوە. یەکێکیان دەڵێت: هیچ شتێک لە تەندروستی گرنگتر نییە. خانمان بچن لە تەندروستیتان دڵنیا ببنەوە.
 
دیمەن زەندی، خانمەن ئەکتەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هیوادارە خانمانی هەر چوار پارچەی کوردستان بچن پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن و دەڵێت، زووتر بچن بۆ لای پزیشك، بۆ ئەوەی چارەسەرتان ئاسان بێت.
 
دکتۆر لونا قردێلەی هەڵمەتی لونای پەمەیی بە کامەران مستەفای هونەرمەند و هاوژینەکەی دەدات، کامەران مستەفا باسی پاڵپشتیی هاوژینەکەی بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆی باس دەکات و دەڵێت، خانمان لای هاوژینەکانیان سەرجڕاکێشتر دەبن، ئەگەر بایەخ بە تەندروستیی هاوسەرەکەیان بدەن.
 
مریەم بوبانی، ئەکتەر گوتی: هیوادارم خانمان بە گڕوتینەوە بایەخ بە تەندروستییان بدەن و پشکنینێکی بچووک، دەتوانێت گەورەترین کێشە لەکۆڵ خانمان بکاتەوە.
 
بەیان زەریفی، ئەکتەری نێوداری باشووری کوردستان گوتی، ''نەک تەنیا ئەم مانگە، بەڵکو هەموو مانگەکان دەبێت خانمان ئاگایان لەخۆیان بێت و پێشوەختە پشکنین بکەن''. 
 
بەیان زەریفی ئاماژە بە شەرمکردن لە نەخۆشییەکانی مەمک دەکات و دەڵێ، نابێت خانمان هەیانبێت و هەرچەندە شێرپەنجە سەخت بێت، بەڵام بە زوو دەستنیشانکردنی دەشێت چارەسەری ئاسان بێت.
 

هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' چییە؟
 
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
 
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
 
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە؛
 
بەگوتەی د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
 
- لە ماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
 
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە