پسپۆڕێکی خانمان: ژنی دووگیان بۆیەی قژ بەکارنەهێنێت

05-06-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
بووڵتەنی نوورۆژ. وێنە: رووداو
بووڵتەنی نوورۆژ. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، بەرکەوتنی ژنی دووگیان بە هەوای پیسبوو و مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان لە سەرەتاکانی دووگیانیدا، کاریگەریی درێژخایەن و مەترسیدار لەسەر کۆرپەلە دروستدەکات. 
 
رۆژی دووشەممە 5-6-2023 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی ژینگە، دکتۆر شەیما خدر لە بووڵتەنی نوورۆژدا باس لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر خانمانی دووگیان و کۆرپەلەکانیان دەکات و دەڵێت: کاریگەریی لەسەر هەموو کەسێک هەیە بەتایبەت ژنی دووگیان و کۆرپەلەکانیان. 
 
دکتۆر شەیما خدر سوورچی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەریدەخات، پیسبوونی ژینگە دەکرێت ببێتەهۆی 'رەبۆ، هەناسەتەنگی، لەبارچوون و پێشوەختە لەدایکبوونی منداڵ'.  
 
پسپۆڕەکە ئاماژە بە مادە زیانبەخشەکانی نێو ژینگەی پیسبوو دەکات وەکو 'کاربۆن، نایترۆجین و دوانەئۆکسیدی کاربۆن' و دەشڵێت: خانمانی دووگیان هەڵیدەمژن و دەچنە نێو خوێنییەوە بەمەش دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلە. 
 
تەنانەت پسپۆڕەکەی خانمان و منداڵبوون باس لە مادە پاککەرەوە کیمیاییەکانی نێو ماڵ و مادەکانی جوانکاری دەکات و رایدەگەیێنێت، هاوشێوەی دووکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێلەکان مادەی زیانبەخش و پیسکەری ژینگەیان تێدایە و پێویستە خانمانی دووگیان لە بەکارهێنانیان ئاگاداربن. 
 
بە گوتەی دکتۆر شەیما، ئەو کۆرپانەی هەوا و ژینگەی پیس کاری لێ کردوون زیاتر دووچاری نەخۆشییەکانی دڵ و هەوکردنی سییەکان دەبنەوە، ئاشکراشی دەکات کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە سکماکییەکانیان لەسەر زیاددەبێت بەتایبەت ناڕێکیی پەلەکان و کۆئەندامی دەمار یاخود شەقبوونی لووت و لێو. 
 
لە بارەی رێگەکانی خۆپارێزیی ژنی دووگیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی ژینگە و مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان؛ دکتۆر شەیما سوورچی گوتی، لەکاتی بەرکەوتن و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ ئەو مادانە، دەتوانن دەمامک یاخود دەستکێش بەکاربهێنن، هەروەها رێنوێنیشیان دەکات کە ''بەهیچ شێوەیەک لە سەرەتاکانی دووگیانیدا بۆیەی قژ بەکارنەهێنن''. 
 
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، بۆیەکانی قژ مادەی کیمیایی زیانبەخشیان تێدایە و دەشێت بۆ کۆرپەلە بگوازرێنەوە بۆیە دەڵێت: ''لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانی بەهیچ شێوەیەک نابێت بەر پێستی ژنی دووگیان بکەون، چونکە دەمژرێن و دەگوازرێنەوە بۆ کۆرپەلە''. 
 
لە کۆتاییدا ئەم پسپۆڕە گوتی، دەرمانی ناپێویست و ماوە بەسەرچوو یاخود مادە پارێزەرەکانی نێو خۆراک دەشێت هۆکاربن بۆ ناڕێکیی تەندروستیی کۆرپەلە، ''دایکانی دووگیان دەبێت هەمیشە ئاگاداری شێوازی ژیانیان بن''. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە