جەژنی قوربانە و بە چەند رێگەیەکی ئاسان خۆت لە تای خوێنبەربوون بپارێزە
رووداو - تەندروستی
جەژنی قوربانە و هەمیشە لەم جەژنەدا خواستی خەڵک بۆ سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن زیاد دەبێت، بەڵام بەپێی پسپۆڕان و مامۆستایانی ئایینی، تەندروستی پێش هەموو شتێکە، بەتایبەت ئێستا کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هەیە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 'لە هەولێر دوو تووشبوو، لە دهۆک دوو تووشبوو، لە زاخۆ یەک تووشبوو و لە رانیەش یەک تووشبوو'ـی تای خوێنبەربوون دەستنیشان کراون.
لێرەوە وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرە کە دەڵێت: بۆچی ساڵانە تای خوێنبەربوون پێش جەژنی قوربان پەیدا دەبێتەوە؟
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- شووشتنی دەستەکان
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەورەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.