رووداو - تەندروستی
زۆرێک لە خەڵکی ئەو پرسیارەیان لەلا دروستبووە کە بۆچی تای خوێنبەربوون ساڵانە پێش جەژنی قوربان پەیدا دەبێتەوە و چەندان کەسیش دەبنە قوربانی؟ پسپۆڕانی وردی ڤایرۆسزانی و پزیشکانی ڤێتێرنەری ئەمە بۆ رووداو رووندەکەنەوە. مامۆستایەکی ئایینیش دەڵێت: ''قوربانیکردن پەرستشێکی گەورەیە، بەڵام لەژێر رێنوێنیی پزیشکیدا بێت''
''زۆری خواست لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ و گونجاویی کەشوهەوا بۆ بڵاوبوونەوەی گەنە، هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون''
ئەمڕۆ چوارشەممە 7-5-2025 د. زانا حەمید، پسپۆڕی ڤێتێرنەری و ڤایرۆسزانی بە رووداوی راگەیاند، تای خوێنبەربوون پەیوەندیی بە خوێنەوە هەیە و هەر کاتێک رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ زۆر بوو، ئەوا ئەگەری بڵاوبوونەوە و تووشبوون بەو نەخۆشییە زۆر دەبێت.
د. زانا حەمید روونی دەکاتەوە، وەرزی بەهار گونجاوترین وەرزە بۆ گەشەکردنی بێچووە گەنەکان کە لەڕێگەیانەوە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ ئاژەڵان دەگوازرێتەوە، پاشانیش لەڕێگەی ئاژەڵە تووشبووەکەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
ئەو دەڵێت: بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان نییە، بەڵکو پشت بە زۆری خواست لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ و لەباریی کەشوهەوا بۆ چالاکیی گەنەکان دەبەستێت.
''جەژنی قوربان بکەوێتە وەرزە ساردەکان، قوربانییانی تای خوێنبەربوون کەم دەبنەوە''
د. فەریدون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەندامی لیژنەی باڵای تای خوێنبەربوون هەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، ''بەپێی ئامارەکان تای خوێنبەربوون لە هەموو وەرزەکاندا لە عێراقدا هەیە، خاڵی یەکەم؛ لە وەرزی هاوین هەم تووشبوون و هەم مردنیش زیاترە. هۆکارەکەش بۆ وەرزەکە دەگەڕێتەوە. چونکە ئەو گەنەیە لە گەرمادا گەشە دەکات و چالاک دەبێت''.
''خاڵی دووەمیش، زیادبوونی رێژەی زۆری سەربڕین و بەرکەوتنی زیاتر بە ئاژەڵ، گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەوە لەلایەن خەڵکەوە زیاد دەبێت، ئەمەش هۆکارن بۆ زیاتر بڵاوبوونەوە نەخۆشییەکە''.
د. فەریدون حەمەد ئەوەشی باسکرد، کاتێک جەژنی قوربان بکەوێتە وەرزە ساردەکان، ئەوا هەم تووشبووان و هەمیش گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون کەم دەبێتەوە؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەم ساڵانەی دواییدا جەژنی قوربان و سەرەتای بەهار و هاوین هاوکاتن و ئەگەریش ئەو هاوکاتییە نەما ئەوا دەشێت جەژنی قوربان تەواو ببێت، ئینجا تای خوێنبەربوون زیاد ببێت.
''قوربانیکردن پەرستشێکی گەورەیە، بەڵام لەژێر رێنوێنیی پزیشکیدا بێت''
مامۆستا عەبدولغەفار سابیر، مامۆستای ئایینی بە رووداوی گوت، بابەتێک کە بە زانستی و لە تاقیگە سەلمێندرابێت و بە راستەقینە بەڵگەش هەبێت لەبارەیەوە، ئەوا نابێت پەیوەندیداری بکەینەوە بە شتی دیکەوە.
مامۆستا عەبدولغەفار سابیر دەڵێت، ئەگەر گۆشتفرۆش {قەساب}ـێک ببێتەهۆی تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشی، ئەوا تاوانبار دەبێت، هەر بۆیە دەشڵێت: ''قوربانیکردن پەرستشێکی گەورەیە، بەڵام لەژێر رێنوێنیی پزیشکیدا بێت و هەمیشە رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لەکاتی قوربانیکردن جێبەجێ بکرێن''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ