لە هەولێر پزیشکانی تازەدامەزراو بۆ دەوامکردن ئامادە دەکرێن

رووداو - تەندروستی

لە هەولێر پزیشکانی دەرچووی ساڵی رابردوو دامەزران، پێش دەستبەکاربوونیان لە نەخۆشخانەکان؛ خولی زانستی، کارگێڕی و یاسایی نەخۆشخانەکانیان پێدەگوترێتەوە و ئامادە دەکرێن بۆ دەوامکردن.
 
ئەمڕۆ شەممە 5-7-2025 نوێنەرێکی پزیشکانی تازە دامەزراوی بەشداربوو لەو خولانە بە رووداوی راگەیاند، هەموو نەخۆشخانەکان بە شێوەی خولی دەکەین بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادە بکرێین بۆ کاتی دەوام کە پێدەچێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بێت.
 
پزیشکانی دامەزراو ئەوانەن کە ساڵی رابردوو کە ژمارەیان 778 پزیشک بوو، ئەنجوومەنی وەزیران لە  18-6-2025 بڕیاری دامەزراندنیانی راگەیاند کە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن، ئەمڕۆ شەممە دکتۆر شکۆ شێرکۆ، کە پێشووتر نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراوی ساڵی رابردوو بوو، بەڵام بە گەیشتن بە ئەنجامەکەیان ئێستا نوێنەری تازە دامەزراوەکانە و گوتی، ''خولەکە لێکتێگەیشتنی زیاتر بۆ ئاشنابوونی پزیشکانە بە سیستمی نەخۆشخانەکان''.
 
دکتۆر عەلی حوسێن، سەرۆکی پزیشکانی نیشتەجێی گشتی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، خولەکە نزیکەی 28 رۆژ دەخایەنێت و پاشانیش تاقیکردنەوە بە پزیشکانی تازە دامەزراو دەکرێت.
 
ئەوەشی گوت، ''پزیشکەکان 309 کەسن و هی زانکۆی هەولێری پزیشكی و زانکۆی کوردستانن. بۆ پزیشکانی دەرچووی دەرەوەی شاری ئەو زانکۆیانەش شوێنی مانەوە دابینکراوە''.