پیرۆزبایی دامەزراندن لە نوێنەرانی پزیشکانی گشتی کراوە

18-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نوێنەرانی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو بە رووداویان راگەیاند، لەنێو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی دامەزراندنیان بۆ ناردووین. لەکاتێکدا هێشتا کۆبوونەوەکە تەواو نەبووە، هەواڵەکەیان پێداون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-6-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کوردستان کۆبووەتەوە و تاوەکو ئێستاش کۆبوونەوەکە بەردەوامە، لەنێویدا دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکیی گشتی یەکێکە لەو پرسانەی باس دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەرێکی دەرچووانی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو بە رووداوی راگەیاند، ''لەنێو کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی دامەزراندنیان بۆ ناردووین، بەڵام تائێستا نازانین میکانیزمی دامەزراندنەکە چۆنە و چ کاتێک دادەمەزرێین؟''

نوێکردنەوە؛ دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک لەم هەواڵە، ئەنجوومەنی وەزیران دوای کۆبوونەوەکەی، بڕیاریدا کە پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن.
 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک

دەرچووانی پزیشکیی گشتیی دانەمەزراو چەندان جار گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کردووە و بەگوتەی خۆیان، دەبوایە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا دابمەزرانایە، ئەمەش یەکێکە لە گردبوونەوەکانیان لەبەردەم پەرلەمان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە