د. یاد نەقشبەندی: لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنێت: ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە روویان لە زیادبوونە و لە سلێمانی لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5-8-2025 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، هەموو تووشبووەکانی شێرپەنجە هی سلێمانی نین، واتا ئەوەی هەیە لە سلێمانی تۆمار کراون، بەڵام مەرج نییە دانیشتووی سلێمانی بن، چونکە بەشێکیان دانیشتووانی خوارووی عێراق.
 
لەبارەی سندووقی شێرپەنجەوە گوتی، لەکۆتایی ساڵی 2020 داهاتی سندووقی شێرپەنجە بە نەختینە و بە راستەوخۆیی بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەکارهاتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕی داهاتی سندووقەکە کەمی کردووە. گوتیشی: سەرچاوەی سندووقەکە کە پشکی شێری بەرکەوتووە، داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆیە لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش.
 
نەقشبەندی دەڵێت، رۆژانە بەشێکی تووشبووانی شێرپەنجە هەن، خۆیان لە دەرەوە بە خەرجییەکی زۆر دەرمان دەکڕن، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستی کار لەسەر خەرجکردنی زیاتری بودجە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بکەن.
 
سندووقی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان هەیە. بەگوێرەی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 رێکخراوە، بەناوی "یاسای سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان."
 
ئامانج لە سندووقەکە بریتییە لە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لەوانەش دابینکردنی پێداویستییەکانی چارەسەر، دەرمان، ئامێری پزیشکی لە بنکە تایبەتەکان و رەخساندنی دەرفەتی چارەسەرکردن لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
بەشێک لە سەرچاوەکانی دارایی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پێکدێت لە:
 
1- ئەو 5%ـەی دەخرێتە سەر باج و رسووماتی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە.
 
2- 50%ی ئەو سزایانەی لە بەرانبەر سەرپێچیی تەندروستی لە شتومەک و خۆراک وەردەگیرێن.
 
3- 25%ی ئەو سزایانەی بەپێی یاسای چاودێریی تەندروستی وەردەگیرێن.
 
4- 5%ی رسووماتی تۆمارکردنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک و نوێکردنەوەی ساڵانەیان.
 
5- 5%ی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ.
 
6- ئەو یارمەتی و بەخشینانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشکێشی سندووقەکە دەکرێن.
 
7- ئەو بودجەیەی ساڵانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆی تەرخان دەکرێت.