تەندروستیی هەڵەبجە: ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی بەردەستە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، ڤاکسینی وەرزیی ئەنفلەوەنزا گەیشتووەتە پارێزگاکە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بۆ خۆکوتان سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن.
ئەکرەم محەممەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی رایگەیاند، "بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ساڵانە بڕی پێویستی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی دابین دەکرێت و بەبێ جیاوازی دەدرێتە هەموو هاونیشتمانیان."
بە گوتەی ئەکرەم محەممەد، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە پێشینەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە و هاونیشتمانیانیش لە تەمەنی 6 مانگییەوە تاوەکو 70 ساڵی دەتوانن ڤاکسینەکە وەربگرن.
بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە لە دوو قۆناخدا داوای هەزار و 125 ژەمە ڤاکسین دەکەن و ئەگەر پێویست بکات، داوای بڕی زیاتر دەکەن.
ڤاکسینەکە لەم شوێنانەی هەڵەبجە بەردەستە؛
1- نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوون
2- نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی
3- ناحیەکانی سیروان و بیارە
4- قەزای خورماڵ
5- مەڵبەندی تەندروستیی سەرا
6- بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە