تەندروستیی راپەڕین داوای ئامێرێک بۆ رزگارکردنی گیانی منداڵە کۆرپەکانی سنوورەکە دەکات
رووداو - تەندروستی
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک لەبارەی گواستنەوەی ئەو منداڵانەی پێشوەختە لە دەڤەری راپەڕین لەدایکدەبن و دەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی کە دەشێت ژیانیان بکەوێتەوە مەترسییەوە، تەندروستیی راپەڕین هاتە دەنگ و دەڵێ، نەخۆشخانەکانمان هیچ ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکردیان بۆ منداڵانی ناکام تێدا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-11-2025 تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، لە نەخۆشخانەی منداڵان لە رانیە و بەشی منداڵان لە سنووری قەزای پشدەر هیچ ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکرد (CPAP) لە ژوورە شووشەییەکانی منداڵانی ناکام نین و هەر ئەوەشە دەبێت منداڵانی تازەلەدایکبوو چەند کاژێرێک رێگە ببڕن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ فریاکەوتنی سلێمانی.
تەها محەممەد دەڵێت: دانیشتووانی راپەڕین نزیکەی 500 هەزار کەسن و داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین، بەشێکی کواڵیتیی بەرزی چاودێریی چڕی تایبەت بە منداڵە ناکامەکان لە سنوورەکە بکاتەوە کە ئامێری هەناسەدانی دەستکردیشی تێدابێت، بۆ ئەوەی گواستنەوەی ئەو منداڵانە بۆ سلێمانی کەم ببێتەوە و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە قەڵادزێ منداڵێکی تازەلەدایکبوو لەڕێگەی گواستنەوەی بۆ سلێمانی 'دووجار دڵی دەوەستێت'، بەگوتەی پەرستارێکی فریاکەوتنی قەڵادزێ، لەبەر ئەوەی بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە دەڤەری راپەڕین ئامێری هەناسەدانی دەستکردی تێدا نییە، وایکرد کە ئەو منداڵە یەک کاژێرییە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.