رووداو - تەندروستی
لە قەڵادزێ منداڵێکی پێشوەختە لەدایکبوو بەهۆی نالەباریی دۆخی تەندروستییەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەکرێت، بەڵام لەڕێگەدا دووجار دڵی لە لێدان دەوەستێت و کارمەندێکی بەشی فریاکەوتنی قەڵادزێ ژیانی لە مردن رزگار دەکات.
ئەو منداڵە دوێنێ لەدایکبووە و ئەمڕۆ چوارشەممە 5-11-2025 عەبدوڵڵا محەممەد، پەرستار و رزگارکەری ژیانی ئەو منداڵە تازەلەدایکبووەی کە لەنێو ئەمبوڵانسی گواستنەوەکەیدا لەگەڵیدا بووە بە رووداوی راگەیاند، ئەو منداڵە تەمەنی یەک کاژێر بوو و بە حەوت مانگی لەدایکبووە.
بەگوتەی عەبدوڵڵا محەممەد، بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە دەڤەری راپەڕین هەیە، بەڵام ئامێری هەناسەدانی دەستکردی تێدا نییە و هەر ئەمەش وایکردووە ئەو منداڵە یەک کاژێرییە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.
ئەو کۆرپەیە دووجار دڵی لەکار کەوت، بەڵام لێهاتوویی ئەو پەرستارەی لەگەڵیدا بووە، ژیانی پاراست و دەڵێت: ''بە سینگە دڵەبووژاندنەوە ژیانمان بۆی گەڕاندەوە''.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمە دووەم منداڵی ئەو خێزانەیە و منداڵی یەکەمیان بەهەمان شێوە پێشوەختە لەدایکبووە، بەڵام گیانی لەدەستداوە و ئەم منداڵەش نزیکبووە لەو دۆخە بەڵام بەهۆی لێهاتوویی کارمەندانی فریاکەوتنی قەڵادزێ، ژیانی پارێزراوە و ''ئێستا لە سلێمانییە و تەندروستە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ