رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ رێنوێنیی گەنجان دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و دەڵێت، دووربکەونەوە لە مادە وزەبەخشەکانی وەکو "تایگەر". دەشڵێت، ئازاری سینگ، هەناسەتەنگی و دڵەکوتێ نیشانەی پێشوەختەی جەڵتەی دڵن. داواشدەکات، هەرکەس جەڵتەی دڵ لێیدا کەمتر لە کاژێرێک بگەیێندرێنە نەخۆشخانە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی جەڵتەی دڵ لێیان دەدات هیچ داتایەک لە هەرێمی کوردستاندا نەخراوەتەڕوو، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵانی پێشتر رێژەی نەخۆشییەکە زۆرتر بووە بەتایبەت لەنێو گەنجاندا.
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، شەکرە و دڵ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مردن لە پیر و گەنجیشدا هەیە بەهۆی جەڵتەوە، بەڵام کە گەنج جەڵتە لێی دەدات زۆرینە راستەوخۆ گیانلەدەستدەدات، ئەوەش هۆکاری هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بە خێزانیی نەخۆشییەکەیان هەیە، یان ئەوانەی چەوریی خوێنیان بەرزە و هەستی پێناکەن رووبەڕووی کێشەی گەورەی تەندروستی دەبنەوە".
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی خوێن لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەڵێت، پەستانی خوێن (زەخت)، شەکرە، چەوریی خوێن و "هەندێک جاریش" هۆکاری بۆماوەیین.
زۆرکات ئەو کەسانەی بە جەڵتەی دڵ گیانلەدەستدەدەن لە خەودا و دوای نیوەشەو و بەرەبەیان جەڵتە لێیان دەدات. لەو بارەیەوە د. داهات دەڵێت، "یەکەم هۆکار بۆ جەڵتە لەو کاتانەدا تێکچوونی هۆرمۆنەکانە، کە لە بەیانیان زوودا کۆرتیزۆڵ و تێستۆستیرۆن زیاددەکەن و دەبنەهۆی تەسکبوونەوە و گیرانی لوولەکانی خوێن، هۆکارێکی دیکەش نزمبوونەوەی پلەی گەرمایە کە دەبێتەهۆی دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە و دەبێتەهۆی تێکچوونی رێڕەوی خوێنبەرەکان و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان".
ئەو پزیشکە رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کەسێکیان تووشی جەڵتەی دڵ بوو لە زووترین کاتدا بیگەیێننە نەخۆشخانە و دەڵێت، "خولەکێک زۆرە بۆ جەڵتەی دڵ؛ ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن تاوەکو زووتر بگەن چارەسەریان ئاسانترە. بۆ ئەوەی نەخۆشەکە ماسوولکەی دڵی لاوازنەبێت کەمتر لە کاژێرێک بگەیێندرێنە نەخۆشخانە چارەسەری ئاسانترە و لەوانەیە قەستەرە، یان شەبەکە و باڵۆنیان بۆ دابنرێت یاخوود دەرمانی پێویستیان پێبدرێت".
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ و چۆنێتی خۆپاراستن لێی
د. داهات حەوێزی ئاماژە بە نیشانە پێشوەختەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەکات و دەڵێت، ئازاری سەر سینگ، هەناسەتەنگی، دڵەکوتێ و ئارەقکردنەوە، هەروەها ئەوانەی لەکاتی رۆشتندا ئازار و هەناسە تەنگییان هەیە دەکرێت جەڵتەی دڵ لێیان بدات، بۆیە پێویستە لەو کاتانەدا بۆ پاراستنی تەندروستی و ژیانیان سەردانی پزیشک بکەن.
جەڵتەی دڵیش وەکو زۆر نەخۆشیی دیکە دەتوانرێت رێگری لێبکرێت، لەوبارەیەوە د. داهات دەڵێ، "پشکنینی پێشوەختەی چەوری و خوێن، گوشاری خوێن کە ئەگەر بەرزبێت گەنج بێت یان پیر دەبێت چارەسەر وەربگرن، ئەوانەی وەکو بۆ ماوەیی نەخۆشییەکەیان هەیە باشترە ئیکۆی دڵ بکەن بۆ ئەوەی هەر کێشەیەکیان هەبێت زوو چارەسەر وەربگرن".
ئەو پزیشکە داوا لە هاونیشتمانیان و گەنجان بەتایبەت دەکات، بۆ خۆپاراستن لە جەڵتەی دڵ دووربکەونەوە لە خواردنە چەورەکان، سوورەوەکراو و مادە وزەبەخشەکانی وەک "تایگەر" هەموو ئەو مادانەی دەبنە هۆکاری تێکدانی خەو، چونکە تێکچوونی خەو دەبێتە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکان و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
داهات حەوێزی باسی لە گرنگی وەرزشکردن کرد و گوتی، وەرزش یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ رێگەگرتن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەگشتی و بەتایبەت جەڵتەی دڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ