پسپۆڕێک (ترێندێکی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان) بۆ چارەسەری لاسەرئێشە بەهەڵە دەخاتەوە
رووداو - تەندروستی
لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە تیکتۆک، چەند ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا کەسێک تەوقەیەکی بچووکی قژ لەنێوان برۆکانی دادەنێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە (لاسەرئێشە). بەڵام پسپۆڕی مێشک و دەمار لە هیندستان، دەڵێت؛ هیچ بەڵگەیەکی زانستیی پشتڕاستکراو نییە کە بیسەلمێنێت ئەم کارە چارەسەری شەقیقە دەکات.
ئەو کەسانەی پشتگیری لەم رێگەیە دەکەن، پێیانوایە کە گوشار خستنە سەر ئەو خاڵەی نێوان برۆکان، کە لە زانستی چارەسەری چینی بە "خاڵی گوشاری BL2" ناسراوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازاری سەر و دڵەڕاوکێ. بەڵام، د. سۆنیا تامبەر پسپۆڕی مێشک و دەمار لە هیندستان، دەڵێت " راستە گوشار خستنە سەر هەندێک خاڵی دیاریکراوی جەستە رەنگە هەندێک جار یارمەتیدەر بێت، بەڵام بەکارهێنانی تەوقەی قژ رێگەیەکی سەلامەت نییە."هەروەها دەڵێت؛ گوشاری بەهێز و کۆنترۆڵنەکراوی ئەم ئامرازە لەوانەیە زیان بە پێست بگەیەنێت، یان تەنانەت ببێتە هۆی شینبوونەوە و زیان گەیاندن بە دەمارە بچووکەکانی ناوچەکە.
د. سۆنیا، ئاماژە بەوەدەکات، لەبری پەنابردن بۆ ئەم جۆرە رێگەیانەی لە سۆشیاڵ میدیا باس دەکرێت، داوا لەو کەسانە دەکەین کە لا سەرئێشە (شەقیقەیان) هەیە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ وەرگرتنی دەستنیشانکردن و چارەسەری گونجاو."