رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 168 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار و پەلاماردانی سەگ لە نەخۆشخانەکەدا تۆمارکراون.
نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی ئاماری پێوەدانی مار و دووپشک، لەگەڵ گەستنی سەگ لە مانگی رابردوو بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025 هونەر شێخ بزێنی، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە مانگی رابردوودا 86 کەس دووپشک و دوو کەسیش مار پێوەی داون."
سەبارەت بە پەلاماردانی سەگیش هونەر شێخ بزێنی گوتی، "مانگی رابردوو 80 کەس بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە."
لە هەولێر شێڵتەرێکی سەگە بەرەڵاکان لەلایەن پارێزگاوە بە گوژمەی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە، کە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر - گوێڕ.
لە سلێمانییش هەمان شێڵتەر هەیە، ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان رۆژی 20-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن سەگی بێلانە هەن. زیاتر لە 67 هەزار سەگیش لە شێڵتەرەکەی هەولێردان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ