لە کفری نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە خانمان و منداڵبوون کرایەوە

رووداو - تەندروستی

لە قەزای کفری، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە خانمان و منداڵبوون لەلایەن خێرخوازێکەوە کرایەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی قەزاکەش دەڵێت، هەموو پێداویستییەکان دابینکراون، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی پێویستیان بە کارمەندی وەزارەتی تەندروستییە.
 
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێرخوازێک بەناوی عەباس حاجی فارس، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ژنان و منداڵبوونی لە قەزاکە کردووەتەوە و هەموو ئامێر و پێداویستییەکی پزیشکیی پێویستی بۆ دابینکردووە.
 
بە گوتەی سامان سەرتیپ، "دروستکردنی نەخۆشخانە بە خێرخواز دەکرێت، بەڵام بەڕێوەبردنی بە خێرخواز ناکرێت."
 
سەبارەت بە کارمەند و ستافی پزیشکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی گوتی، "داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین کارمەندی پێویستمان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشخانەکە بەڕێوەببەین و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێشی هاونیشتمانیان بکەین."