دووەم کاروانی هاوکاریی تەندروستی و مرۆیی عێراق گەیشتە ئێران
رووداو - تەندروستی
دووەم کاروانی هاوکارییەکانی عێراق کە لە چەندین کەلوپەلی پزیشکی، دەرمان و خۆراک پێکهاتبوو، گەیشتە ئێران و رادەستی مانگی سووری ئەو وڵاتە کرا.
رازیە عالیشوەندی یاریدەدەری کاروباری نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، دووەم کاروانی هاوکارییەکانی خەڵکی عێراق بۆ ئێران کە پێکهاتووە لە پێداویستیی ژیان، دەرمان و خۆراک رادەستی رێکخراوی فریاگوزاریی مانگی سوور کرا. بە گوتەی عالیشوەندی ئەو هاوکارییانە بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رەوانەی ئێران کراون.
یاریدەدەری کاروباری نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا رووسیا، ئازەربایجان، هیندستان، چین، ئەرمینیا، داغستان، تورکمانستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان هاوکارییان بۆ خەڵکی ئێران ناردووە.
عالیشوەندی جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە داوای هیچ هاوکارییەکمان نەکردووە و ئەم هاوکارییانە بە شێوەیەکی تەواو خۆبەخشانە و لە رێگەی میکانیزمی فەرمییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان گەیشتوون."