رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق 64 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای ئاوامێدیکاش رایدەگەیێنێت، یەکەم بڕی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیریان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەوانە کردووە. تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دیارنییە کەی عێراق بەشی هەرێمی کوردستان لەو دەرمانە دەنێرێت.
کۆمپانیای ئاوامێدیکا کار لەبواری بەرهەمهێنانی دەرمان دەکات، د. شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (کە ناوە زانستییەکەی "Favipiravir"ـە)ـیان بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەرهەمهێناوە، "یەکەم بڕی ئەو دەرمانەمان رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردووە تاوەکو دابەشی سەرجەم ناوەندەکانی چارەسەری کۆرۆنای پێ بکات".
بە گوتەی د. شاخەوان زاهیر، دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر لە حەب پێکهاتووە و هەر پاکەتێکی 40 دەنکی لەنێو دایە، دوای ئەوەی ئەو دەرمانە بۆ بەرکەوتووانی کۆرۆنا لە جیهان بەکارهێنراوە، عێراق ماوەی 15 رۆژە ئەو دەرمانەی لە پرۆتۆکۆلی خۆی جێکردووەتەوە. "لەگەڵ کۆمپانیای Glenmarkـی هیندستانی بە نرخێکی هەرزان ئەو حەبەمان بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق دابینکرد. هێندەی ئاگادارین وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش لەوبەشەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی بەشی دەبێت".
د. محەممەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەندێک دەرمان هەن دەستکەوتنیان ئاستەمە یان نرخەکانیان گرانە، ئەو دەرمانانە زیاتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دابین دەکرێن و بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، "دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا کە یەکەم وەجبەی رەوانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کراوە، دیارنییە کەی بەشە دەرمانەکەی هەرێمی کوردستانمان بەدەست دەگات".
کۆمپانیای ئاوامێدیکا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزاراوە و لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە بەرهەهێنانی دەرمان کردووە. بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای دەرمانی ئاوامێدیکا دەڵێت، نزیکەی چوار مانگە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن و لەکۆتاییدا توانیویانە دەرمانەکە بەرهەمبهێنن.
کۆمپانیای ئاوا میدیکا دەرمانەکەی بەشێوازی "under license" دروستکردووە، ئەوەش واتە؛ تەکنەلۆژیاکەیان لە کۆمپانیایەکی دیکە وەرگرتووە و دەرمانەکەیان دروستکردووە. د. شاخەوان کوالێتی دەرمانەکەیان بە باشتر لە کوالێتیی دەرمانە رووسییەکە دەزانێت و دەڵێت "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی Glenmarkـی هیندییەوە کرد و ماددە خامەکانیان بۆ ناردین، ئێمەش دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد".
لەبارەی نرخەکەی، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەڵێت، ئەو نرخەی ئەوان دایانناوە بۆ دەرمانەکە بە رێژەی نزیکەی 40% لە نرخی دەرمانی کۆمپانیا رووسییەکە هەرزانترە، "ئەمەش وای لە حکومەتی عێراقی کرد گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا رووسییەکە هەڵبووەشێنێتەوە و دەرمانەکە لە ئێمە بکڕێت. جیاوازیی نێوان هەردوو گرێبەستەکە بە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دەرمانی فابیڤیر ئەگەر لەرووی کوالێتییەوە کێشەی نەبێت و لەکوالێتیی کۆنترۆڵ دەرچوو، "هەرکات عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی نارد، دەتوانین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بەکاری بهێنین".
پارێزگاری هەولێریش سوپاسی کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەکات بۆ ئەو هەوڵەی و دەڵێت، "سەربەرز و خۆشحاڵین كە کۆمپانیایەکی گەورە لە هەولێر دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شارەکەمان دەستەبەرکردووە، لەم کات و ساتەدا بەهەمهێنانی ئەمجۆرە دژە ڤایرۆسە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی".
دەقی سوپاسنامەی پارێزگاری هەولێر
سوپاس نامەیەک لە پارێزگای هەولێر
بەناوی پارێزگای هەولێر، سوپاسی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لەهەولێر دەکەین کە توانییان بە هاوکاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان بەسەرکەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر"Favipiravir"ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بەرهەمبهێنن.
سەربەرز و خۆشحاڵین كە کۆمپانیایەکی گەورە لەهەولێر، دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شارەکەمان دەستەبەر کردووە، لەم کات و ساتەدا بەهەمهێنانی ئەمجۆرە دژە ڤایرۆسە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە بەناوی پارێزگای هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی شاری هەولێر دەکەین و سوپاس و دەستخۆشیەکی زۆریش بۆ بەڕێوەبەران و تەواوی ستاف و کارمەندانی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، دووپاتی دەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریانین.
دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر "Favipiravir"ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، لە ڕوسیا و یابان و زۆر وڵاتی دیکە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئێستاش لە پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراق دانی پێدانراوە و بۆ چارەسەری حاڵەتی مام ناوەند و تووندی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردهێنرێت.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2020.7.7

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ