دەرمانێکی نوێی شەکرە و دژەقەڵەوی دروستدەکرێت؛ دەنکۆڵەیە و کاریگەریی لاوەکیی کەمترە
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی سوێد تاقیکردنەوە لەسەر دەرمانێکی نوێ دەکەن بۆ نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی؛ دەڵێن، شەکری خوێن کەم دەکاتەوە و چەوریش دەسووتێنێت.
تادێت تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی زیاد دەبن و هەوڵەکان بۆ چارەسەر و رێگری لێیان پێشدەکەون، توێژەرانی پەیمانگەی کارۆلینسکا و زانکۆی ستۆکهۆڵم لە سوێد تاقیکردنەوەی دەرمانێکی جیاوازیان دەستپێکردووە کە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت، بەڵام بە رێگەیەکی جیاوازتر لەو دەرمانانەی ئێستا بۆ نەخۆشیی شەکرە هەن.
بەپێی پسپۆڕان، دەرمانەکە لەشێوەی دەنکۆڵەیە و کار لەسەر هاندانی سووتاندنی چەوریی دەکات، بەڵام کاریگەریی نییە لەسەر پووکانەوەی ماسوولکەکان و کاریگەریی لاوەکیی لە دەرمانە باوەکانی ئێستای شەکرە و قەڵەوی کەمترە.
ئێستا تاقیکردنەوەی کلینیکیی قۆناخی یەکەم لەسەر 48 کەسی تەندروست و 25 تووشبووی شەکرە کراون و دەرکەوتووە، بە باشی کاریگەریی لەسەر جەستە هەیە.
شەین سی رایت، توێژەر دەڵێت: ئەم جۆرە دەرمانە دەکرێت بە تەنیا و لەگەڵ دەرمانەکانی ئێستای شەکرەش بەکاربێن بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن.