پسپۆڕانی کورد وەکو هاوەڵانی سەرەکی بەشدارن لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکا
رووداو - تەندروستی
لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و بەشێکی زۆری پسپۆڕانی کوردیش کە سەرۆک و هاوەڵێتیی لقی کوردستانی ئەو دامەزراوەیە دەکەن، بەشدارن.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-10-2025 د. سادق عەزیز، سەرۆکی لقی هەرێمی کوردستانی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هاوشانی پسپۆڕانی نەشتەرگەریی گشتیی وڵاتانی دیکە، لقی کوردستان بە کۆمەڵێک پزیشک و پسپۆڕی هاوەڵەوە بەشداریی کۆنفرانسەکە بووین.
د. سادق عەزیز دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان حەوت پسپۆڕی نەشتەرگەری ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون و ئەو پڕۆفیسۆرە تێکەڵاوبوونی نەشتەرگەرانی کورد لەگەڵ نەشتەرگەرانی ئەمریکی بە گرنگ دەزانێت لە پێشکەوتنی زانستی پزیشکان بەتایبەت ئاشنابوون بە رێگە و تەکنیکە نوێیەکانی بواری نەشتەرگەری.
کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکا گەورەترین دامەزراوەی نەشتەرگەرییە لە جیهاندا و لە ساڵی 1913 دامەزراوە، زیاتر لە 93 هەزار هاوەڵی هەیە و نزیکەی سێ ساڵە کوردستان وەکو لقێکی ئەو دەزگایە کراوەتەوە و زیاتر لە 100 هاوەڵی لەنێو دامەزراوەکە هەیە.
زانیاریی زیاتر لەبارەی لقی هەرێمی کوردستانی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکا بزانە (کلیک بکە).